حکومەتی سووریا لە رەققە دەست بە کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی کرد

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارگێڕیی ناوخۆ و ژینگەی سووریا رایگەیاند، دەستیان کردووە بە کاراکردنەوەی دامەزراوە حکومییەکان و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پارێزگای رەققە. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لەو ناوچانەی کە هێزە کوردییەکانی لێ کشاونەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 18-01-2025 محەممەد عەنجەرانی، وەزیری کارگێڕیی ناوخۆ و ژینگەی سووریا گوتی، رێنمایی دراوە بە لایەنی راسپێردراو بۆ کاروباری کارگێڕی لە رەققە تاوەکو دەستبەجێ دەست بە چالاککردنەوەی فەرمانگەکان و ئەنجوومەنەکان بکەن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتییان.
 
وەزیری کارگێڕیی ناوخۆ لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسیویەتی: "ئێمە لە هەموو قۆناخەکاندا بە بایەخێکی زۆرەوە چاودێریی ئەم پڕۆسەیە دەکەین، بۆ ئەوەی ئامادە بین بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان لەو ناوچانەدا."
 
ئەم هەنگاوەی دیمەشق دوای ئەوە دێت کە سوپای عەرەبیی سووریا لە چەند رۆژی رابردوودا کۆنتڕۆڵکردنی شاری تەبقە، بەنداوی فورات و چەندین گوند و کێڵگەی نەوت و گازی لە گوندەواری رەققە راگەیاند.
 
دوای ئەم پێشهاتانە، ئەحمەد شەرع رێککەوتنێکی 14 بڕگەیی لەگەڵ هەسەدە واژۆکرد. بەپێی رێککەوتنەکە، هەسەدە پابەندە بە رادەستکردنی تەواوەتیی کارگێڕی و سەربازیی پارێزگەکانی رەققە و دێرەزوور بە حکومەتی ناوەندی.
 
ئێستا بە چوونە ناوەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ رەققە، پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات و تێکەڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ ناو پێکهاتەی فەرمیی دەوڵەتی سووریا چووەتە قۆناخێکی کردەییەوە.