عەبدوڵلا گەدۆ: ئەستەمە بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر وەکو شێوەی ئێستا بەردەوام بێ
رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵلا گەدۆ، ئەندامی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا بە رووداوی رایگەیاند: "ئەستەمە بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر وەکو شێوەی ئێستا بەردەوام بێت." دەشڵێت، "شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە داهاتوودا لە رێگەی دانوستاندنی نوێنەرانی هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسیەکانی ناوچەکە دیاری دەکرێت."
عەبدوڵلا گەدۆ، لە کاتی بەشداری لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "ئێمە گەشبینین بەو هەوڵانەی لە هەرێمی کوردستان دەدرێن، بە تایبەت ئەو کۆبوونەوەیەی لە نێوان سەرۆک بارزانی، شاندی هەسەدە و نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کرا، لایەنەکان بگەنە رێککەوتنێک و شەڕەکە بوەستێ، دواتریش لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی 10ی ئادار کە لە دیمەشق واژۆ کرا."
بە گوتەی گەدۆ، گەلی سووریا و گەلی کورد بە درێژایی 14 ساڵی رابردوو لە شەڕ و ماڵوێرانی ئازاری زۆریان چێشتووە و چاویان لە ئاشتییە.
سەبارەت بە ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕ لە نێوان هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی سووریا، عەبدوڵلا گەدۆ دەڵێت: "ئەگەر هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا وەکو هەڵوێستی فەرەنسا بوایە، دۆخەکە نەدەگەیشتە ئەو ئاستەی ئێستا."
گەدۆ پەسنی هەڵوێستی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای دا و رایگەیاند: "هەڵوێستی سەرۆک ماکرۆن زۆر باشە و جێگەی شانازییە، بەڕاستی وا دیارە رژدە لەسەر ئەوەی ئەم خوێنڕشتنە و ئەم شەڕە بوەستێ. هەڵوێستی فەرەنسا و هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا کاریگەری دەبێت لەسەر بابەتەکە."
عەبدوڵڵا گەدۆ باسی کاریگەری ئەمریکا لەسەر هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا دەکات و دەڵێت: "ئێستا تاکە لایەن کە دەتوانێ شەڕەکە بوەستێنی و دۆخەکە ئارام، ئەمریکایە. لەبەر ئەوەی ئەمریکا هەسەدەی دامەزراندووە و چەکداری کردووە، هەروەها حکومەتی سووریاش پشتی بە پشتیوانییەکانی ئەمریکا بەستووە."
ئەو سیاسەتڤانە کوردەی رۆژئاڤای کوردستان پێیوایە، حکومەتی ناوەندیی سووریا لەم قۆناخەدا ناتوانێ مافەکانی کورد پشتگوێ بخات، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی سیستەمێکی نەناوەندی لە سووریا، کاتێکی زۆرتری پێویستە.
پێشبینی ئەوەش دەکات، دامودەزگە و فەرمانگە حکومییەکانی سەر بە حکومەتی ناوەندیی سووریا بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
عەبدوڵڵا گەدۆ هەروەها باس لەوەش دەکات:"ئەستەمە بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر وەکو شێوەی ئێستا بەردەوام بێت" و پێشبینی دەکات: "شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە داهاتوودا لە رێگەی دانوستاندنی نوێنەرانی هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسیەکانی ناوچەکە دیاری دەکرێت."