یەکەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا چوونە ناو شاری رەققە

رووداو دیجیتاڵ

یەکەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستیان بە چوونە ناو شاری رەققە کرد، بەگوێرەی وەزارەتەکە، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی بڵاوبوونەوەی هێزەکانیانە لە هەموو گەڕەکەکانی شارەکە و بەشێکە لە پلانێکی گشتگیر بۆ جێگیرکردنی ئاسایش، سەقامگیری و پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتیی خەڵک.
 
رۆژی یەکشەممە 18-01-2026 وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتەکەدایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنی لە شار و ناوچە جیاوازەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ هەموو خەڵک".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، هەر ئەمرۆ رۆژی یەکشەممە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا  و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رێککەوتنێکیان بۆ ئاگربەست و تێکەڵکردنی تەواوەتی واژۆ کرد، بەپێی رێککەوتنەکە، دەبێت هەر دوو پارێزگەی دێرەزوور و رەققە لە رووی کارگێڕی و سەربازییەوە دەستبەجێ رادەستی حکومەتی سووریا بکرێنەوە. ئەم رادەستکردنەوەیە سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و بنکە خزمەتگوزارییەکانی ئەو دوو پارێزگەیەش دەگرێتەوە.
 
ئەم گۆڕانکارییانە دوای 12 رۆژ لە ئاڵۆزیی سەربازی دێن کە لە شاری حەلەب دەستیپێکرد و بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 159,000 کەس. لە چەند روژی رابردوودا، سوپای عەرەبیی سووریا کۆنتڕۆڵی شاری تەبقە، بەنداوی فورات و گەورەترین کێڵگەی نەوتی وڵاتەکە، (عومەر)ـی لە دێرەزوور کرد، ئەمەش دوای کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لەو ناوچانە.
 
رێککەوتنە 14 بڕگەییەکەی نێوان دیمەشق و هەسەدە، تەنیا رادەستکردنەوەی شارەکان ناگرێتەوە، بەڵکو بڕیاردراوە سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی حەسەکەش تێکەڵی ناو دەوڵەتی سووریا بکرێن. حکومەتی دیمەشقیش دانی بە زمانی کوردیدا وەک "زمانێکی نیشتمانی" ناوە و وەڵاتینامە دەداتە کوردانی بێ وەڵاتینامە.