ئەنەکەسە: مەرسوومی سەرۆکایەتی زەمینەی گفتوگۆی حکومەت و شاندی هاوبەش خۆشدەکات بۆ سووریایەکی ناناوەندی

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) پێشوازی لە مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع دەکات و بە "بنەمایەک"ی دادەنێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی سووریا و "شاندی هاوبەشی کوردی"، بە ئامانجی چەسپاندنی مافەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیموکراتیی فرەیی لامەرکەزیدا.
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە:" ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو مەرسوومە سەرۆکایەتییە کرد کە لەلایەن ئەحمەد شەرع دەرچووە، بەتایبەتی کە کورد وەک بەشێکی سەرەکی و رەسەنی گەلی سووریا هەژمار دەکات و دان بە مافە کولتووری و زمانییەکانی گەلی کورددا دەنێت، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی  ئەو سەرژمێرییەی کرابوو لەگەڵ لێکەوتە یاسایی و مرۆییە گەورانەی کە لێی کەوتبوونەوە."
 
ئەنەکەسە رایگەیاندووە:" ئەم مەرسوومە هەنگاوێکی ئەرێنییە، چونکە یەکەم نزیکبوونەوەی فەرمییە کە بەشێوەیەکی ئاشکرا و راستەوخۆ پرسی مافەکانی کورد دەخاتەڕوو.''
 
راشیگەیاندووە:"ناوەڕۆکی مەرسوومەکە هەنگاوێکە بە ئاراستەی چارەسەری گشتگیر و دادپەروەرانەی دۆزی کورد، وەک دۆزێکی سیاسی و نیشتمانی پێویستی بە چارەسەری قووڵتر هەیە، لەسەر بنەمای دانپێدانانی دەستووری بە مافە نەتەوەییەکان و زامنکردنی هاوبەشیی راستەقینە لە بونیادنانی دەوڵەتدا بێت."
 
لە راگەیێنراوەکەی ئەنەکەسەدا هاتووە:"ئەم مەرسوومە بە بنەمایەک دادەنرێت دەکرێت کاری لەسەر بکرێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جددی و بەرپرسانە لەنێوان حکومەتی سووریا و شاندی هاوبەشی کوردی، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام کە تێیدا مافە کولتووری، زمانی، نەتەوەیی و سیاسییەکانی گەلی کورد بەشێوەیەکی دەستووری بچەسپێندرێن لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیموکراتیی فرەیی ناناوەنیدا . 
 
بە پێویستی دەزانێت بازنەی گفتوگۆکان فراوان بکرێت بۆ ئەوەی قۆناخێکی نوێ بونیات بنرێت کۆڵەکەکەی دادپەروەری و داننان بێت بە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا.
 
ئەنەکەسە لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەیدا  داوای راگرتنی تەواوی هەنگاوە سەربازییەکان دەکات لەرێگەی ئاگربەستێکی گشتگیر و پابەندبوون بە بەندەکانی رێککەوتنی ئاگربەست کە ئەمڕۆ راگەیێندرا.
 
 داوا دەکات ئەم دەرفەتە بۆ قووڵکردنەوەی گفتوگۆی سیاسی و نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرسە نیشتمانییەکان و بەهێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی یەکێتیی وڵات لەسەر بنەمای دادپەروەری کە مافی هەمووان لە تاک و پێکهاتەکان مسۆگەر بکات، بقۆزرێتەوە.