سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: لە حەسەکە هیچ شەڕ و کوشتارێک رووینەداوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاندووە، بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵانە دەکەن کە باسی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە سنووری پارێزگای حەسەکە دەکەن. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش دەڵێت: "ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستی و ئامانجیان ئەوەیە هۆزەکان لە هەسەدە تووڕە بکەن و ئاژاوە بنێنەوە."
 
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، بە بایەخ و جیدیەتێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵانە دەکەن کە باس لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە سنووری پارێزگای حەسەکە دەکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، "بە گرنگییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ئەو راپۆرتانە دەکەین کە باس لە روودانی کۆمەڵکوژی لە پارێزگای حەسەکە دەکەن."
 
وەزارەتەکە جەختیشی کردووەتەوە کە "دەزگا تایبەتمەندەکان دەستبەجێ رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە راست و دروستیی ئەو زانیارییانەی گەیشتوون."
 
هاوکات بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، "هەموو ئەو هەواڵانەی باس لە روودانی کۆمەڵکوژی لە حەسەکە دەکەن، بەتەواوی هەڵبەستراون و دوورن لە راستییەوە."
 
ئیلهام ئەحمەد گوتی: "ئەو هەواڵانە لەلایەن سەرچاوە تێکدەرەکانەوە بڵاودەکرێنەوە و ئامانجیان پابەند نەبوونە بە رێککەوتنی ئاگربەست، هەروەها دەخوازن گرژیی خێڵەکی بنێنەوە و هێرشەکان بۆ سەر حەسەکە و کۆبانی دەستپێبکەنەوە."
 
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە پابەندی بە رێککەوتنەکان کردووەتەوە و دەڵێت، "ئێمە پابەندین بە رێککەوتنی ئاگربەست و یەکگرتنی تەواوەتی [لەگەڵ دەوڵەتی سووریا] و دۆخی حەسەکە لەژێر چاودێریدایە."