لە نزیک حەسەکە بۆسە بۆ کاروانێکی پزیشکی دانرا و ئەمبوڵانسێک بێسەروشوێنە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە کاتی گواستنەوەی بریندارەکان لە رەققەوە بەرەو حەسەکە، کاروانێکی پزیشکی کەوتە ناو بۆسەیەکی چەکدارانەوە؛ پزیشکێکی ناو کاروانەکەش دەڵێت، پەیوەندییان بە ئەمبوڵانسێکەوە پچڕاوە و چارەنووسی نادیارە.
دکتۆر عەگید ئۆسۆ، کە لە ناو کاروانەکەدا بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 4:30ی ئێوارە، کاتێک بریندارەکانمان لە رەققەوە دەگواستەوە، لە خاڵی 'سەباحولخێر' کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە حەسەکەوە دوورە، تووشی بۆسەیەکی چەکداری بووین."
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوە کرد، کاروانەکە لە 10 ئەمبوڵانس پێکهاتبوو و 20 بۆ 25 برینداری کورد و عەرەبیان پێبووە، جگە لەوەی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیلی کورد کە خەڵکی رەققە و تەبقە بوون لەگەڵ کاروانەکە بوون.
سەبارەت بە ناسنامەی هێرشکارەکان، دکتۆر عەگید گوتی: "چەکدارەکان هێرشیان کردە سەرمان، هەرچەندە بە وردی نایانناسین، بەڵام پێدەچێت چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا یان شانە نووستووەکانی داعش بن کە لەو ناوچەیەدا هەن. بەهۆی هێرشەکەشەوە ژمارەیەک سڤیل بریندار بوون و هەندێکیش شەهید بوون، بەڵام ژمارەی وردیان نازانین."
دکتۆر عەگید باسی لەوەش کرد کە دوای هێرشەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و پارێزگارییان لە کاروانەکە کردووە.
گوتیشی: "بەهۆی بۆسەکەوە کاروانەکە دابەش بوو، هەندێکمان رێڕەوی خۆمان گۆڕی بەرەو کۆبانێ و هەندێکی دیکەش بەردەوام بوون بەرەو حەسەکە."
لەبارەی چارەنووسی کاروانەکە، ئەو پزیشکە نیگەرانیی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: "یەکێک لە ئەمبوڵانسەکان پەیوەندیی لەگەڵمان پچڕاوە. شۆفێرەکەی بریندار بووە و پێی گوتین کە ناتوانێت بەردەوام بێت، ئێستا نازانین چی بەسەر هاتووە و بێسەروشوێنە."
ئێستا ئەو پزیشکانەی گەیشتوونەتە کۆبانێ لە نەخۆشخانەی شارەکە سەرقاڵی چارەسەرکردنی بریندارەکانن، ئەو بەشەشی کە گەیشتوونەتە حەسەکە لەوێ دەستیان بە تیمارکردنی بریندارەکان کردووە. کاروانەکە بە گشتی لە 6 پزیشک و نزیکەی 15 پەرستار پێکهاتبوو.