کۆمپانیای نەوتی سووریا: کێڵگە نەوتییەکانی سەورەمان کۆنترۆڵ کردن

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای نەوتی سووریا (SPC) رایدەگەیێنێت، سوپای عەرەبیی سووریا تەواوی کێڵگە نەوتییە ستراتیژییەکانی "سەورە"ی لە ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای پارێزگای رەققە کۆنترۆڵ کردووە. هەروەها دەڵێت، تیمەکانیان ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەکان و دڵنیاییدان لە بەردەوامیی بەرهەمهێنان.
 
سەفوان شێخ ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان لە کۆمپانیای نەوتی سووریا، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ لە ناوچەی دێر حافر و بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکان، بە رێنوێنیی بەڕێز یوسف قەبلاوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی بەپەلەمان پێکهێنا بۆ چاودێریکردنی کارەکان و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی بەرهەمهێنان."
 
بە گوتەی سەفوان شێخ ئەحمەد، بەیانیی ئەمڕۆ سوپای عەرەبیی سووریا پێی راگەیاندوون، کێڵگەکانی "رەسافە" و "سەفیان"یان کۆنترۆڵ کردووە و دەستبەجێ تیمەکانی پاسەوانییان رەوانەی شوێنەکە کردووە.
 
تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم بانگەشانەی دیمەشق نەبووە. بەڵام رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، هەسەدە "لە هەموو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کشاوەتەوە، لەنێویاندا لە هەردوو کێڵگەی عومەر و تەنەک."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان لە کۆمپانیای نەوتی سووریا، لە دوێنێ شەوەوە ناوچەی ستراتیژیی نەوتیی سەورە "بە تەواوەتی" کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریا. ئەم ناوچەیە بە یەکێک لە خاڵە هەرە ستراتیجی و گرنگەکانی سەر نەخشەی وزەی سووریا دادەنرێت.
 
کێڵگەی "سەورە" تەنیا بیرێکی نەوت نییە، بەڵکو ناوەندێکی کارگێڕی و لۆجستییە کە کۆمەڵێک کێڵگەی پەرشوبڵاوی بیابانی سووریا پێکەوە دەبەستێتەوە، لەوانە:
 
کێڵگەی وادی عوبێد: بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی سەورە دادەنرێت.
 
کێڵگەی بیشری: دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاویی سەختەوە و گوندەوارەکانی رەققە و دێرەزوور پێکەوە دەبەستێتەوە.
 
کێڵگەی سەفیان: خاڵێکی گرنگی نزیک لە رێگەی نێودەوڵەتییە.
 
بەگوێرەی کۆمپانیای نەوتی سووریا، پرۆسەی بەرهەمهێنان لەم کێڵگانەدا ئاڵۆزە. نەوتی دەرهێنراو لە وادی عوبێد و بیشری رێژەیەکی بەرزی ئاو و خوێ و ماددەی دیکەی تێدایە، بۆیە دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی عەکێرشی بۆ پاککردنەوە و جیاکردنەوەی. بەهۆی زیان بەرکەوتنی بۆرییەکانی گواستنەوەش، پشت بە تانکەری نەوت دەبەسترێت.
 
دۆخی بەرهەمهێنان
 
بەپێی ئاماری کانوونی یەکەمی 2024، کۆی بەرهەمی رۆژانەی ئەم کێڵگانە نزیکەی دوو هەزار 500 بەرمیل بووە.
 
سەفوان شێخ ئەحمەد جەختی کردەوە، "تیمەکانمان ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنی تەواوی کێڵگەکانی رۆژهەڵاتی فورات و دڵنیاییدان لە بەردەوامیی بەرهەمهێنان و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان."