رۆژنامەڤانێکی حەسەکە: سوپای عەرەبیی سووریا گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزووری کۆنترۆڵ کرد
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانێکی خەڵکی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا بەردەوامە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەسەدە مەرگەدەی چۆڵ نەکردووە، بەڵام گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کەوتوونەتە دەست هێزەکانی حکومەت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-01-2026، رۆژنامەڤانێک لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بەناوی "مزگین" لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سیما ئابخێزر پێشکێشی کرد، لەبارەی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، لە تەبقەی پارێزگای رەققە، "شەڕێکی گەورە" دەکرێت.
مزگین ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای عەرەبیی سووریا و ژمارەیەک لە چەکدارانی گرێدراوی حکومەت، شاری تەبقە، بەنداوی فورات و فڕۆکەخانەی شارەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دوو پردیان لە رەققە تەقاندووەتەوە، بۆئەوەی رێگری لە پێشڕەویی هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بکەن. بە گوتەی ئەو رۆژنامەڤانە، ئێستا رێگەی پەیوەندیی شارەکە لەلای باشوورەوە داخراوە و شەڕەکە لە باشووری رۆژئاوای رەققە بەردەوامە.
ئەمڕۆ گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە هێزەکانی ئاسایش (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) بنکەکانیان لە مەرگەدە، کە 105 کیلۆمەتر لە ناوەندی حەسەکەوە دوورە، چۆڵ کردووە و کەوتووەتە دەست هۆزە عەرەبەکان. مزگین رەتی دەکاتەوە هێزەکانی ئاسایش لە ناوچەکە کشابنەوە و دەڵێت، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوکراوەتەوە راست نییە.
دێرەزوور بەهۆی سەرچاوە نەوتییەکانەوە خاڵێکی هەستیارە. وەکو ئەو رۆژنامەڤانە گوتی، لە ئەنجامی هێرشەکاندا، گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کەوتوونەتە دەست سوپای عەرەبیی سووریا، ''ئێستا شەڕ لە باکووری دێرەزوور بەردەوامە و [سوپای عەرەبی] هەوڵ دەدەن بەرەو پێشەوە بچن.''
هەندێک راپۆرتی خۆجێیی باس لە پێشڕەویی هۆزە عەرەبەکان لەگەڵ حکومەت و دژی هەسەدە دەکەن. ئەو رۆژنامەڤانە رەتی دەکاتەوە ئەوانەی لە ڤیدیۆ تۆمارکراوەکاندا دەردەکەون هۆزە عەرەبەکان بن، ''بەڵکو چەتەکانی سەر بە داعشن کە لە تەبقە و دێرەزووردا هەبوون و پەیوەندییان (هەوڵیان) لەگەڵ حکومەتی کاتی هەیە.''
لە 24 بۆ 48 کاژێری رابردوودا، شەڕ و پێکدادانەکان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب، دەوروبەری شاری تەبقە لە پارێزگای رەقە و کێڵگە نەوتییەکانی نزیک ئەو ناوچانە چڕبوونەتەوە. هەردوولا باس لە پێکدادانی سەخت دەکەن بە بەکارهێنانی تۆپ، چەکی سووک و درۆن.
هەر ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی رای گشتی کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق رێککەوتنیان پێشێل کردووە و لە بەیانیی دوێنێوە تاوەکو ئێستا لە چەندین بەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانمان."
هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئامادە بن و دەڵێت، "داوا لە گەلەکەمان دەکەین بنەمای بەرگریی رەوا بکەنە بنچینە و شانبەشانی هێزە سەربازییەکانیان بوەستنەوە، شارەکانیان بپارێزن و بەشداری لە شەڕی پاراستنی شکۆمەندیدا بکەن."