سەرچاوەیەک بۆ رووداو: وەزیری دەرەوەی سووریا چەند پێشنیازێکی بۆ هەسەدە ناردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا چەند پێشنیازێکی بۆ هەسەدە ناردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەردانی دیمەشق بکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببێتەوە. ئەو سەرچاوەیە تایبەتەی رووداو دەڵێت، سەردانەکە ئەمڕۆ ئەنجام نەدراوە.
لەبارەی ئەنجامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان عەبدی و شەرع، ئەو سەرچاوەیە ئەوەی خستەڕوو، "ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەست و سەردانی مەزڵووم عەبدی بۆ دیمەشق لە ماوەی داهاتوودا هەیە."
سەرچاوەیەکی دیکە لە هەسەدە ئەمڕۆ لەبارەی دۆخی ناوچەکە بە رووداوی گوت، "سوپای عەرەبیی سووریا دەبابەی هێناوەتە ئەوبەری فورات و تۆپبارانی رەققە دەکات."
لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووری، شەڕڤانێکی هەسەدە بە رووداوی گوت: "لە بەنداوی تشرین سێ هێرشمان تێکشکاندوون، لە فوراتیش بە درۆنی برووسک لە چەکدارەکان دەدەین و بەرگری دەکەین."
دوو رۆژە گرژییەکانی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هەسەدە دەستیانپێکردووە، هەرچەندە فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی کە لە دێر حافر و مەسکەنە هێزەکانیان دەکشێننەوە، بەڵام بەبێ رێککەوتنی پێشوەختە لە دێرەزووریش سوپا هێرشی کردەسەر شەڕڤانان.