خاچی سوور بۆ رووداو: بەدواداچوون بۆ چارەنووسی بێسەروشوێنبووەکانی حەلەب دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرید حەمید، گوتەبێژی لقی سووریا لە رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ نوشین حەمێ، پرۆدیوسەر لە دێسکی رۆژئاوای کوردستان و سووریای رووداو، دوایین زانیاری لەبارەی چالاکییە مرۆییەکانیان و چارەنووسی بێسەروشوێنبووانی ناوچە کوردنشینەکان ئاشکرا کرد.
 
گوتەبێژەکەی لقی سووریای خاچی سوور رایگەیاند، وەک رێکخراوێکی مرۆیی بێلایەن و سەربەخۆ، کارەکانی ئەوان بەندە بە هەبوونی رێگەی سەلامەت و بێ ئاستەنگ بۆ گەیشتن بە لێقەومان، بۆ ئەم مەبەستەش دیالۆگیان لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە هەیە کە دەسەڵات یان کاریگەرییان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان هەیە و هاوکارییەکانیشیان تەنیا لەسەر بنەمای پێویستی و بەبێ جیاکاری دابەش دەکەن.
 
هاوکارییە پزیشکییەکان و دۆخی مرۆیی لە کۆبانێ و حەلەب
 
وەک فەرید حەمید دەڵێ، لە چەند هەفتەی رابردوودا و بەپێی دۆخەکە، خاچی سوور بە هاوئاهەنگی مانگی سووری سووریا، هاوکاریی بەپەلەی گەیاندووەتە شاری حەلەب و گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و دەوروبەرییان، کە پێداویستیی پزیشکییان بۆ نەخۆشخانەی رازی دابین کردووە کە بەشی چارەسەرکردنی 50 برینداری سەختی دەکرد، هەروەها کۆمەڵە دەرمانێکی تەندروستیی سەرەتاییان پێشکێشی کلینیکە فرەپسپۆڕییەکەی شێخ مەقسوود کردووە کە پێداویستیی 10,000 کەس بۆ 3 مانگ دابین دەکات، جگە لە دابینکردنی 5 جانتای فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ تیمەکانی وەزارەتی تەندروستی کە بەشی 100 برینداری سەخت دەکات.
 
بەگوتەی فەرید حەمید، هەر لە نێو شاری حەلەب، خاچی سوور 300 بەتانی بەسەر نەخۆشخانەکانی رازی و زانکۆی حەلەبدا دابەش کردووە و لە 12 ناوەندی حەوانەوەی بەکۆمەڵدا کە ئاوارەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی تێدایە، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ئاوەڕۆ و دابەشکردنی کەلوپەلی پاککەرەوەی کردووە، هاوکات پشتگیریی وێستگەی ئاوی خەفسەی کردووە بە دابینکردنی 25 تۆن مادەی پاککەرەوەی ئاو.
 
سەبارەت بە ناوچەی کۆبانی، گوتەبێژەکە گوتی، رێکخراوەکە توانیویەتی 3,000 سەبەتەی خۆراک، 2,000 بەشە برنج، 3,000 بەتانی، 24,000 بوتڵ ئاوی خواردنەوە و 1,000 گڵۆپی کارکردوو بە وزەی خۆر بەسەر خێزانە هەژارەکاندا دابەش بکات.
 
دۆسیەی هەستیاری بێسەروشوێنبووان و زیندانییان
 
سەبارەت بە دۆسیەی بێسەروشوێنبووان و ئەو هەواڵانەی باس لە دیارنەمانی زیاتر لە 250 کەس لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەکەن، فەرید حەمید گوتی، ئەوان ئاگاداری ئەم هەواڵانەن و بەپێی مادەکانی رێککەوتننامەی جنێڤ کاردەکەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبووەکان و گەڕاندنەوەی پەیوەندیی نێوان خێزانەکان، بەڵام بەهۆی سرووشتی نهێنیی کارەکانیانەوە، ناتوانن ئاماری دیاریکراو پشتڕاست بکەنەوە. 
 
"خاچی سوور لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ هێزەکان بۆ گەیشتن بە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و داوای مامەڵەی مرۆیی گونجاو بۆ زیندانییان دەکەین،" گوتەبێژەکە گوتی و ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دەبێت کارمەندانی پزیشکی بپارێزرێن، بەڵام خاچی سوور دەسەڵاتی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی نییە.
 
دابینکردنی ئاو لە حەسەکە و هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکان
 
فەرید حەمید بە رووداوی گوت، لە پارێزگەی حەسەکە، رێکخراوەکە تیمەکانی زیاد کردووە و رۆژانە 1,300 مەتر سێجا ئاو بۆ 176 تانکی سەر شەقامەکان دابین دەکات کە سوود بە 100,000 کەس دەگەیەنێت، هەروەها ئاوی خواردنەوەی بۆ 4 ناوەندی ئاوارەکان دابین کردووە و هاوکاریی خۆراکی و نێوماڵیشی بەسەر خێزانەکانی کەمپی نەورۆز و ناو شاری حەسەکەدا دابەش کردووە. 
 
فەرید حەمید گوتیشی، "خاچی سوور لە سووریا بە فەرمی تەنیا لەگەڵ مانگی سووری سووری کاردەکات، بەڵام لە کاتی پێویستدا لەگەڵ رێکخراوە خۆجێییەکان و نێودەوڵەتییەکانی دیکەش هاوئاهەنگی دەکات بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بگەنە ناوچە کوردنشینەکان و هەموو چالاکییەکانیشیان بە دوور دەگرن لە ئەجێندای سیاسی."