دوو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا سەردانی دیمەشق دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوو ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا کە سەر بە پارتی کۆمارین، سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریایان کرد.
سەردانە نافەرمییەکە لە لایەن رێکخراوێکی قازانجنەویستی سووری-ئەمریکییەوە رێکخرا. لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، یەکەم سەردانی ئەندامانی کۆنگرێسە بۆ سووریا.
هەروەها رۆژی هەینی، بۆ یەکەمین جار دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە، مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری وڵاتەکە کۆبووەوە.
مارلین ستوتزمان، نوێنەری ویلایەتی ئیندیانا و کۆری میڵز، نوێنەری فلۆریدا سەردانی ناوچەی جۆبەری دیمەشقیان کرد. شوێنەکە کەنیسەیەکی دێرینی لێیە کە لە شەڕی چواردە ساڵەی نێوخۆی سووریادا زیانی گەورەی بەرکەوت و تاڵانکرا.
دوای ئەوە، هەردوو ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی گەڕەکی زۆرینە کریستیاننشینی باب تومایان کرد و لەوێ لەگەڵ پیاوێکی ئایینی کریستیان کۆبوونەوە. بڕیارە دوو کۆنگرێسمانەکە لەگەڵ شەڕع و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی سووریا کۆببنەوە.
ئیدارەی ترەمپ هێشتا بە فەرمی دانی بە حکومەتی ئێستای سووریا نەناوە، کە لەلایەن ئەحەمد شەرعی سەرکردەی گرووپی دەستەی تەحریری شامی سەرۆکایەتی دەکرێت.
شەرع کە سەرکردەی گرووپی ئیسلامیی دەستەی تەحریری شامە، لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەڵسەنگاندنی مامەڵەی حکومەتی کاتی و هەنگاوەکانی داهاتوومان بە گوێرەی کردارەکانیان دیاری دەکەین."
میڵز، کە ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، دەڵێت: "زۆر گرنگ بوو بێمە ئێرە بۆ ئەوەی بە چاوی خۆم شتەکان ببینم، لەگەڵ دامەزراوە جیاجیاکانی حکومەت کۆببمەوە، پێداویستییەکانی گەلی سووریا و پێداویستییەکانی وڵاتەکە بۆ سەقامگیری ببینم".
میڵز گوتی، پێشبینی دەکات لەگەڵ شەرع پرسی سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا تاوتوێ بکەن و باس لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی دیمەشق بکەن.
میڵز باس لەوە دەکات، بڕیاری هەڵگرتنی سزاکان لەسەر سووریا، لەدەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادایە، بەڵام "کۆنگرێس دەتوانێت لەو رووەوە راوێژی پێ بدات."
ئەندامانی کۆنگرێس لەسەر بانگهێشتی رێکخراوی "هاوپەیمانیی سووری - ئەمریکی بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی" چوونە دیمەشق کە رێکخراوێکی قازانجنەویستە، بارەگاکەی لە ئیندیانایە و ئەرکی خۆی بە پەرەپێدانی "هاوبەشییەکی بەردەوام لە رووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە نێوان گەلی سووریا و ئەمریکا" پێناسە دەکات.