سووریا پلاتفۆرمێکی تایبەت بە بازاڕی دراو دادەمەزرێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سووریا بە هاوکاریی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی دەیەوێ پلاتفۆرمێک بۆ رێکخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دابمەزرێنێت.
عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا دەڵێ، ئەم هەنگاوە یەکێکە لە دیارترین هەنگاوەکان بۆ داڕشتنەوەی سیستمی نەختینەیی و بەهێزکردنی شەفافیەت لە وڵاتەکەدا.
حەسریە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن گوتی، پڕۆژەکە لە "قۆناخێکی پێشکەوتوو"دایە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکە و ئامانجی گەیشتنە بە بازاڕێکی ئاڵوگۆڕی "دادپەروەر و هاوسەنگ".
ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی ناوەندی لە ماوەی رابردوودا "سەقامگیریی نەختینەیی" بە شایستەیی بەدەستهێناوە، کە ئەمەش یەکێکە لە پایە ستراتیژیەتەکەی لە قۆناخی داهاتوودا.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی سووریا بۆ بەستنەوەی کەرتی بانکیی سووریا بە سیستمی دارایی جیهانی سویفت.
حەسریە کردنەوەی هەژمارێکی بانکی ناوەندیی سووریای لە بانکی ناوەندیی تورکیا ئاشکرا کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکاریی دارایی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی لە بواری پشتگیریکردنی بازرگانی و زیادکردنی هەناردەی سووریا بۆ تورکیا.