تەقینەوەیەک لە شارى مەیادینى سووریا روویدا
رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەک کە "پێدەچێت ئۆتۆمبێلى بۆمبرێژکراو" بووبێت، لە شارى مەیادینى سووریا روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم سێ کەس کوژران و ژمارەیەکى دیکە بریندار بوون.
یەکشەممە، 18ى ئایارى 2025، ئاژانسى فەرمى سووریا (سانا) لەسەر زارى سەرچاوەیەکى ئەمنیەوە بڵاویکردەوە، بنکەیەکى پۆلیسى شارى مەیادین لە رێگەى تەقینەوەیەکەوە کراوەتە ئامانج کە پێدەچێت ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو بووبێت.
ئاژانسى سانا رایگەیاند، بەگوێرەى ئامارى سەرەتایی، سێ کەس کوژراون و ژمارەیەکى دیکە برینداربوون، بەبێ ئەوەى ئەو لایەنە ئاشکرا بکات کە لەپشت تەقینەوەکە بووە.
شارى مەیادین 45 کیلۆمەتر لە باشوورى رۆژهەڵاتى پارێزگاى دێرەزوور دوورە، زۆرینەى دانیشتووانەکەى عەرەبن.
ئەو بنکەیەى پۆلیس لە شارى مەیادین کە کراوەتە ئامانج، شوێنى راگرتنى تۆمەتبار و داواکراوى تێدابووە.
تەقینەوەکە هاوکات بووە لەگەڵ بڕیارى قەدەخەى هاتووچۆى ئۆتۆمبێل لەو شارە کە شەو دەستپێدەکات تاوەکو بەرەبەیان.