ئەڵمانیا: تەنیا کاتێک پشتگیریی حکومەتی سووریا دەکەین کە رێگری لە چەوساندنەوە بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەڵمانیا هۆشداری دەداتە حکومەتی سووریا و دەڵێت، پێویستە پارێزگاری لە هاووڵاتییانی هەموو ئایین و نەتەوەکان بکات، بۆئەوەی پشتیوانیی بەرلینی هەبێت. ئەم هەڵوێستەش دوای ئەو تۆمەتانە هات سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی دروزەکان درایە پاڵ هێزەکانی سووریا.
 
رۆژی هەینی 18-07-2025 یۆهان ڤادیپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئەم حکومەتە کاتییەی سووریا تەنیا کاتێک پشتیوانیمان بەدەستدەهێنێت کە پابەند بێت بە پرۆسەیەکی گشتگیر لە سووریا، ئەگەر پارێزگاری لە خەڵک بکات و رێگە نەدات هاووڵاتییان بەهۆی ئایین یان ئەوەی سەر بە نەتەوەیەکی دیاریکراون بچەوسێندرێنەوە، یان لەوەش خراپتر بکوژرێن."
 
ئەم هەڵوێستە دوای پێکدادانە خوێناوییەکانی ئەم دواییە لە پارێزگای سوەیدا دێت، کە بووەهۆی کوژرانی زیاتر لە 500 کەس. ڤادیپول هێرشەکانی سەر پێکهاتەی دروزی بە تووندی سەرکۆنە کرد و داوای کرد ئەنجامدەرانیان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
 
لە مانگی ئایاردا یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت، بەڵام ڤادیپول ئەو کاتەش جەختی کردەوە کە چاوەڕوانن حکومەتی سووریا سیاسەتێکی وەها پەیڕەو بکات هەموو چین و توێژ و گرووپە ئایینییەکان لەخۆبگرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 17-07-2025 سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، لانیکەم 594 کەس لە پارێزگای سوەیدای باشووری سووریا کوژراون.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، 300 کەسی دروز لەنێو کوژراوەکاندان بوون.