ئەردۆغان و پووتین دۆخی سووریا تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پێشهاتەکانی سووریا و ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی رووسیا و ئۆکراینایان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی هەینی، 18ی تەممووزی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کردووە و تاوتوێی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوانیان و هەندێک پرسی ناوچەیی و جیهانیان کردووە.
وەک سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا گوتوویەتی: ''شەڕ و گرژییەکانی دوای کشانەوەی هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە سوەیدا، هەڕەشە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە دروست دەکەن''.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە، نابێت ئیسرائیل پێشێلی سەروەریی خاکی سووریا بکات؛ گوتووشیەتی، ئامانجی وڵاتەکەی ئەوەیە سەقامگیری و ئاسایش لە سووریا بەرقەرار بکات.
لە 13ـی تەمووزەوە پێکدادان لە پارێزگاى سوەیداى باشوورى سووریا دەستیپێکردووە و زیاتر لە 500 کەس لە هەردوولا کوژراون.
وەک سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، سەبارەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، ئەردۆغان بە گرنگی زانیوە گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە دەستپێبکاتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە: ''ئەگەر هەردوولا لەسەر کاتێکی گونجاو رێکبکەون، تورکیا ئامادەیە لە میوانداریکردنی گفتوگۆکان لە ئیستەنبووڵ بەردەوام بێت''.
15و 16ـی ئایاری 2025، گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی ئاشتی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو و تێیدا هەردوو لا لەسەر ئاڵۆگۆڕکردنی 1000 دیلی جەنگ رێککەوتن.
گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان رۆژی 2ی حوزەیرانی ئەم ساڵ هەر لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو.