بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ رووداو: خێزانە داعشەکان هەوڵیاندا لە کەمپی هۆل هەڵبێن

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە رووداوی راگەیاند، سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردووەتە سەر زیندانی داعش لە رەققە، لەنێو کەمپی هۆلیش خێزانەکانی داعش هەوڵی راکردنیان داوە.

رۆژی دووشەممە 19ی کانوونی دووەمی 2026 شێخمووس ئەحمەد، هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سوپای عەرەبیی سووریا هێرشی کردووەتە سەر زیندانێکی داعش لە شاری رەققە و لەم کاتەشدا شەڕ و پێکدادان لە دەوروبەری زیندانەکە بەردەوامە."

سەبارەت بە دۆخی نێو کەمپی هۆل، شێخمووس ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، خێزانە داعشەکان ئاڵۆزییان لەنێو کەمپەکەدا دروستکردووە و هەوڵیانداوە رابکەن، بەڵام "هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێگرییان لە هەڵاتنی خێزانە داعشەکان کردووە و پلانەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە."

ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە لە کاتێکدایە، پێشتر ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە هۆشداریی دابوو لەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بە ئامانجی دروستکردنی پشێوی، زیندانەکانی داعش و کەمپەکان دەکەنە ئامانج.

ناوەندەکە لە راگەیێندراوەکەیدا گوتی، "شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان شەڕڤانانی ئەوان و ئەو گرووپە چەکدارانەدا لە دەوروبەری زیندانی ئەق تان لە رەققە بەڕێوەدەچێت." ئاماژەی بەوەش کرد، زیندانی "ئەق تان" ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیرکراوانی داعشی تێدایە، هەسەدەش دەڵێت، "هەوڵی ئەو گرووپانە بۆ گەیشتن بە زیندانەکە و کۆنترۆڵکردنی، پەرەسەندنێکی یەکجار مەترسیدارە."

ئەم گرژییانە لە کاتێکدان، پێشتر باس لە رێککەوتنی ئاگربەست لەو ناوچانە کرابوو، بەڵام بەپێی گوتەی هەسەدە، هێرشەکان بۆسەر عەین عیسا، شەدادێ و رەققە نەوەستاون.