دیمەشق هەسەدە بە "ئیبتیزازی سیاسی و ئەمنی" لە دۆسیەی داعش تۆمەتبار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی سووریا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هەموو ئەو قسانەی رەتکردەوە کە لە راگەیێندراوەکەی رۆژی 17ی کانوونی دووەمی "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر"دا هاتبوون. حکومەتی سووریا دەڵێ، "هەسەدە دەیەوێ دەسەڵاتی بە چەکسەپێندراوی خۆی بپارێزێت."
 
دیمەشق بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری تۆمەتبار کرد بەوەی دۆسیەی تیرۆر و زیندانەکانی داعش وەک کارتێکی "باجخوازیی سیاسی و ئەمنی" (ئیبتیزاز) بەرامبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنێت.
 
حکومەتی سووریا رایگەیاند، هۆشدارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەبارەت بە مەترسیی سەر زیندانەکانی داعش، تەنیا هەوڵێکە بۆ چەواشەکردنی راستییەکان و "تێکەڵکردنی کارتەکان." لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەستنەوەی جووڵەکانی سوپا بۆ جێبەجێکردنی یاسا بە مەترسیی چالاکبوونی شانەکانی داعش، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵاتەی کە بە زەبری چەک سەپێنراوە."
 
بەڵێنی پاراستنی زیندانەکان
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دیمەشق لەرێگەی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانیەوە، ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لە شەڕی دژی تیرۆر و تێکشکاندنی داعش. حکومەتی سووریا بەڵێنی دا، هەموو ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بپارێزێت و گەرەنتی بدات، کە هیچ چەکدارێکی داعش رێگەی هەڵاتنی بۆ نەکرێتەوە.
 
هۆشداری لە "تاوانی جەنگ"
 
حکومەتی سووریا لە راگەیێندراوەکە، هۆشداریی دایە سەرکردایەتیی هەسەدە لەوەی هەر هەنگاوێکی "سەرکێشانە" بنێن بۆ "ئاسانکاریی هەڵاتنی زیندانیانی داعش یان کردنەوەی دەرگەی زیندانەکان وەک تۆڵەکردنەوەیەک یان کارتی گوشار." 
 
دیمەشق جەختی کردەوە، بەرپرسیارێتیی هەر درزێکی ئەمنی لەو زیندانانەدا لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە کە ئێستا کۆنترۆڵی کردوون و دەوڵەتی سووریا هەر کارێکی لەو شێوەیە وەک "تاوانی جەنگ و هاوکاریی راستەوخۆ لەگەڵ تیرۆر" سەیر دەکات.
 
ئەم ململانێیەی نێوان دیمەشق و هەسەدە لە کاتێکدایە، هەر ئەمرۆ دووشەممە 19-01-2026، بارودۆخی مەیدانیی زیندانەکانی داعش گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکجار هەستیار. 
 
هەسەدە پێشتر رایگەیاندبوو، بەهۆی هێرشی "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق،" کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی لە باشووری حەسەکە لەدەستداوە، کە هەزاران داعشی تێدایە. هەروەها شەڕی تووند لە دەوروبەری زیندانی (قەتان) لە رەققە بەردەوامە و هەسەدە دەڵێت، 29 شەڕڤانیان لە پاراستنی ئەو زیندانەدا شەهید و بریندار بوون.
 
سەرەڕای واژۆکردنی رێککەوتنی 14 بڕگەیی نێوان هەسەدە و دیمەشق، بۆ ئاگربەست و تێکەڵکردنی هێزەکان، بەڵام تۆمەتبارکردنی یەکدی بە ئازادکردنی داعش و شکاندنی ئاگربەست، تەواوی پڕۆسەی ئەمنی وڵاتەکەی خستووەتە ژێر مەترسییەوە.