هەسەدە دیمەنی "هێرشکردنە سەر زیندانی شەدادی و ئازادکردنی چەکداران داعش" بڵاودەکاتەوە
رووداو -دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە دەڵێت هێرشکردنە سەر زیندانی شەدادی لە باشووری حەسەکە و ئازادکردنی زیندانیانی داعشە لە لایەن "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق"
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە ژمارەیەک چەکدار بە تووندی هێرش دەکەنە سەر دەرگە و شووراکانی زیندانەکە و تەقەیەکی زۆر بە ئاراستەی ناوەوە و بە ئاسمانیشدا دەکەن. دواتر دیمەنی زیندانییەکان دەردەکەوێت کە بە کۆمەڵ لە ناو زیندانەکە دەردەهێندرێن، کە بەشێکیان تەنیا جلی ژێرەوەیان لەبەردایە و چەکدارەکان پەڕۆ و چارۆکەیان پێدەدەن بۆ ئەوەی خۆیان دابپۆشن. هەروەها لە بەشێکی دیکەی ڤیدیۆکەدا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکان دەردەکەون کە لە ناوچەیەکی چۆڵی دەوروبەری زیندانەکە بە راکردن دوور دەکەونەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم دیمەنانە لە لایەن هەسەدەوە وەک وەڵامێکە بۆ تۆمەتەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، هەر ئەمرۆ رایگەیاندبوو هەسەدە خۆی دەرگەی زیندانەکەی بۆ داعشەکان کردووەتەوە. هەسەدە جەخت دەکاتەوە، ئەم ڤیدیۆیە بەڵگەی حاشاهەڵگرە کە هێزەکانی سەر بە دیمەشق بە مەبەستی دروستکردنی پشێوی و تیرۆر، زیندانەکەیان شکاندووە و "هەزاران داعش"یان ئازاد کردووە.