هەسەدە: چەکدارانی دیمەشق سەری شەڕڤانانیان بڕیوە


رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رایگەیاند، کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق "تاوانێکی قێزەون"یان کردووە و سەری ژمارەیەک شەڕڤانیان بڕیوە. هەسەدە ڤیدیۆکەشی بڵاوکردەوە.
 
رۆژی دووشەممە 19-01-2026، هەسەدە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێزانە لە کاتی بەدیلگرتنی کۆمەڵێک شەڕڤانیاندا، بە هەمان شێوازی "رێکخراوی تیرۆریستیی داعش" سەریان بڕیون و دیمەنی ئۆپەراسیۆنەکەشیان تۆمار کردووە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەمە تاوانێکی دڕندانەیە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەڵوێستی جدییان هەبێت بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییانە و سزادانی بەرپرسانی ئەم کارە."
 
هەسەدە ئاماژەی بە شوێنی رووداوەکە نەکردووە.
 
لە ڤیدیۆکەدا چەکدارێک دەردەکەوێت و پۆستاڵەکەی دەخاتە سەر سەری شەرڤانێک و دەڵێت: "سەربڕین.. سەربڕینی هەڤاڵان و بەرازەکانی پەکەکە بە چەقۆ، تۆڵەکردنەوە، تۆڵەکردنەوە."
 
پێشتر هەسەدە رایگەیاندبوو، بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق، کۆنترۆڵی زیندانی شەدادییان لەدەستداوە. لە بەرامبەردا سوپای عەرەبیی سووریا کۆنترۆڵکردنی شارەکە و زیندانەکەی راگەیاند و هەسەدەی تۆمەتبار کرد بەوەی "هەزاران داعشی ئازاد کردووە." 
 
هەسەدە ئەم تۆمەتانەی رەتکردەوە و ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "چەکدارانی سەر بە دیمەشق دەرگەی زیندانەکەیان بۆ داعشەکان کردووەتەوە."
 
ئەم هەڵکشانە خوێناوییانە و تۆمەتبارکردنی لایەنەکان بەرامبەر بە یەکدی، لە کاتێکدا دێن کە بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە دیمەشقە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا کۆبووەوە. 
 
لایەنەکان هەوڵدەدەن وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنە 14 بڕگەیییە جێبەجێ بکەن، کە رۆژی یەکشەممە 18-01-2026 واژۆ کرا، تێیدا بڕیاردراوە هەسەدە لە ناو سوپای نیشتمانیی سووریادا تێکەڵ بکرێت و دۆسیەی زیندانیانی داعش رادەستی دەوڵەت بکرێت.
 
بڵاوبوونەوەی دیمەنی سەربڕینی شەڕڤانان و هێرشە بەردەوامەکانی سەر زیندانەکان لە رەققە و حەسەکە، کە تێیدا تاوەکو ئێستا دەیان شەڕڤان شەهید و بریندار بوون، تەواوی پڕۆسەی ئاگربەست و رێککەوتنەکەی خستووەتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە. 
 
لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکیش ئەمرۆ هۆشداریدایە دیمەشق، ئەگەر پێشڕەوییەکانیان بەرەو رەققە رانەگرن، رووبەڕووی سزای "ئێسقانشکێن" دەبنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی ئەم پێشهاتانە دەکات.