لوتکەی دیمەشق؛ ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و جێبەجێکردنی رێککەوتن کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
چەند سەرچاوەیەک بۆ رووداویان پشتڕاست کردەوە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتووەتە دیمەشق. ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی لە کۆبوونەوەدان بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست و واژۆکردنی رێککەوتنێکی گشتگیر کە نەخشەڕێگەی داهاتووی سووریا دیاری دەکات.
ئەم دیدارە کە بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە بکرێت، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە بۆ دووشەممە 19-01-2026 دواخرا، دوای 13 رۆژ لە پێکدادانی سەخت دێت کە تێیدا سوپای سووریا و هێزە عەشایەرەکان، دوای شەڕی حەلەب، پێشڕەویی گەورەیان بەرەو باکوور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکە کردووە.
مەزڵووم عەبدی لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، رەزامەندیی لەسەر ئاگربەستەکە دەربڕیوە بۆ ئەوەی رێگە لە "شەڕی ناوخۆ" و رشتنی خوێنی زیاتری هاووڵاتییانی سڤیل بگرێت.
عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم شەڕە بەسەر هەسەدەدا "سەپێندراوە" و لە لایەن چەندین لایەنەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو.
فەرماندەی هەسەدە جەختی کردەوە، کشانەوەی هێزەکانیان لە رەققە و دێرەزوور بەرەو حەسەکە، هەنگاوێکی بەرپرسیارانە بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەیان.
وردەکاریی رێککەوتنە 14 بڕگەییەکە
رێککەوتنە نوێیەکە کە لە لایەن سەرۆکایەتیی سووریاوە بڵاوکراوەتەوە، گۆڕانکاریی ریشەیی لە پەیوەندیی نێوان دیمەشق و هەسەدە دروست دەکات، کە گرنگترین خاڵەکانی ئەمانەن:
تێکەڵکردنی سەربازی: شەڕڤانانی هەسەدە لەسەر بنەمای "تاکەکەسی" و دوای وردبینیی ئەمنی، دەخرێنە ناو میلاکی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا و پلەی سەربازی و شایستە داراییەکانیان پێدەدرێت.
رادەستکردنی کارگێڕی: پارێزگەکانی رەققە و دێرەزوور بە تەواوەتی لە رووی کارگێڕی و سەربازییەوە رادەستی حکومەتی ناوەندی دەکرێنەوە، لە کاتێکدا دامەزراوە مەدەنییەکانی حەسەکەکەش تێکەڵی ناو دەوڵەت دەکرێن.
کۆنترۆڵی سەرچاوەکان: حکومەتی سووریا کۆنترۆڵی هەموو دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتی و گازییەکان (بەتایبەت کێڵگەی عومەر) دەکاتەوە.
مافی کورد: زمانی کوردی وەک زمانی نیشتمانی دەناسرێت و کێشەی بێ وەڵاتینامەکان چارەسەر دەکرێت.
دۆسیەی داعش و پەکەکە: حکومەت بەرپرسیارێتیی زیندانیانی داعش دەگرێتە ئەستۆ، هەسەدە پابەند دەبێت بە دەرکردنی ئەندامە ناسوورییەکانی پەکەکە لە خاکی سووریا.
کاردانەوەکان و بارودۆخی ئابووری
لە دیمەشقی پایتەخت، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رێککەوتنەکە، خەڵک رژانە سەر شەقامەکان و بە یاریی ئاگرین و هەڵپەڕکێ خۆشیی خۆیان دەربڕی. بەڵام هەندێک لە چاودێران هێشتا بە گومانەوە سەیری دۆخەکە دەکەن و دەپرسن ئایا ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت؟
لە رووی ئابوورییەوە، گەڕانەوەی کێڵگە نەوتییەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت وەک وەرچەرخانێکی گەورە دەبینرێت، چونکە 90٪ـی خەڵکی سووریا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و ئومێد هەیە ئەم داهاتانە ببێتە بزوێنەری ئاوەدانکردنەوەی وڵات.
هەڵوێستی نێودەوڵەتی
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، کە رۆژی یەکشەممە لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە، ئەم رێککەوتنەی بە "خاڵێکی وەرچەرخانی یەکجار گرنگ" وەسف کرد.
لە لایەکی دیکەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، پشتگیریی خۆی بۆ حکومەتی دیمەشق دووپات کردەوە و داوای کرد تیرۆر بە تەواوەتی لە خاکی سووریا بنبڕ بکرێت.
ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان عەبدی و شەرع لە کاتێکدایە، هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری دەدەن لە هێرشکردنی هەندێک گرووپی چەکدار بۆ سەر زیندانیانی داعش لە رەققە و حەسەکە، کە دەکرێت تەواوی پڕۆسەی ئاگربەستەکە بخاتە مەترسییەوە ئەگەر بە خێرایی کۆنترۆڵ نەکرێت.