هەسەدە داوای چەکهەڵگرتنی گشتی لە گەنجانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیێندراوێکی بەپەلەی ئاراستەی گەلی کورد کرد و تێیدا بانگەوازی بۆ گەنجانی هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەورووپا راگەیاند، تاوەکو "سنوورەکانی داگیرکەران تێکبشکێنن"، پەیوەندی بە ریزەکانی بەرگرییەوە بکەن.
 
هەسەدە لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە 6ـی کانوونی دووەمەوە ناوچەکانیان و گەلەکەیان رووبەڕووی هێرشی "دڕندانە و دڕندانە" بووەتەوە. هەسەدە دەڵێت: "ئەمرۆ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی کە خاوەن بیری داعشن، هێرشەکانیان بۆ سەر گەلەکەمان چڕ کردووەتەوە، بەو خەیاڵەی کە بتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن."
 
"شارەکان دەکەینە گۆڕستانی نەوەکانی داعش"
 
فەرماندەیی گشتیی هەسەدە لە پەیامەکەیدا یادی بەرخۆدانی ساڵی 2014ـی کۆبانێی کردەوە و رایگەیاند: "وەک چۆن لە ساڵی 2014 کۆبانێمان کردە گۆڕستان بۆ ئەو داعشەی تورکیا پشتیوانی دەکرد، ئەمرۆش بە هەمان ئیرادەوە رایدەگەیێنین کە شارەکانمان لە دێرکەوە تاوەکو حەسەکە و کۆبانێ، دەکەینە گۆڕستان بۆ خاوەن زەینییەتە نوێیەکانی داعش کە لە لایەن تورکیاوە ئاراستە دەکرێن."
 
بانگەواز بۆ گەنجانی کورد لە جیهان
 
هەسەدە بانگەوازێکی گشتی ئاراستەی هەموو گەنجانی کورد (کوڕان و کچان) لە رۆژئاوا، باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ئەوانەی لە ئەورووپان کرد، کە یەکبگرن و سنوورەکان تێکبشکێنن و بەشداری لەم بەرخۆدانەدا بکەن. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەمرۆ رۆژی کەرامەت و بەرپرسیارێتیی مێژووییە؛ ئێمە جارێکی دیکە نیشانی دەدەین کە ئیرادەی گەلان لە هەر جۆرە داگیرکارییەک بەهێزترە."
 
ئەم بانگەوازە تووندەی هەسەدە لە کاتێکی یەکجار مەترسیداردا دێت. هەر ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە 19-01-2026، بارودۆخی ئەمنی لە سووریا بەرەو تەقینەوە رۆیشتووە؛ هەسەدە رایگەیاند کە کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی لە باشووری حەسەکە لەدەستداوە و "هەزاران داعش" لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقەوە ئازاد کراون. هەروەها پێکدادانی سەخت لە دەوروبەری زیندانی ئەقتان لە رەققە بەردەوامە و هەسەدە دیمەشق بە "تاوانی جەنگ" و سەربڕینی شەڕڤانان تۆمەتبار دەکات.