هەسەدە کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی لەدەستدا؛ هەزاران چەکداری داعش لە زیندانەکەدان
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا رایگەیاند، زیندانی شەدادی لە باشووری حەسەکە، کە هەزاران چەکداری داعشی تێدا بەند کراوە، لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیان دەرچووە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، لە بەیانیی ئەمڕۆوە زیندانی شەدادی رووبەڕووی هێرشی یەک لەدوای یەکی "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق" بووەتەوە. شەڕڤانانی هەسەدە چەندینجار بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و لەو پێناوەدا "بە دەیان شەهید و بریندار"یان داوە، تاوەکو رێگری لە روودانی کارەساتێکی ئەمنی بکەن، بەڵام دواجار زیندانەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانیان دەرچووە.
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، زیندانی شەدادی تەنیا 2 کیلۆمەتر لە بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە دوورە، بەڵام سەرەڕای داواکاریی بەردەوام، هێزەکانی هاوپەیمانان دەستوەردانیان نەکردووە بۆ پاراستنی زیندانەکە.
ئەم پێشهاتە مەترسیدارە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە 19-01-2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە دیمەشقە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا، تاوەکو وردەکاریی رێککەوتنە 14 بڕگەیییەکەی دوێنێ جێبەجێ بکەن.
بەپێی رێککەوتنەکە، بڕیاربوو ئاگربەستێکی گشتگیر رابگەیێندرێت و دۆسیەی زیندانیانی داعش رادەستی دەوڵەت بکرێت، بەڵام هەسەدە دەڵێت، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر زیندانییەکان لە رەققە و حەسەکە.
ئەم هەڵکشانە ئەمنییە دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوودا سوپای عەرەبیی سووریا پێشڕەویی گەورەی کرد و کۆنترۆڵی تەواوەتیی تەبقە و دێرەزووری کرد. بەهۆی ئەم شەڕانەوە نزیکەی 20,000 خێزان لە رەققە و تەبقەوە بەرەو حەسەکە ئاوارە بوون.
ئێستا بە لەدەستدانی کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی، مەترسییەکی گەورە لەسەر گیانی هاووڵاتییانی سڤیل دروست بووە، چونکە ئەگەری هەڵاتنی هەزاران چەکداری داعش لە ئارادایە، کە ئەمەش رەنگە دۆخی سووریا بەرەو پشێوییەکی گەورەتر ببات.