هەسەدە و دیمەشق یەکدی بە هێرشکردنە سەر زیندانی داعش و تەقاندنەوەی بۆمب تۆمەتبار دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
شارۆچکەی شەدادی لە باشووری حەسەکە رووبەڕووی ئاڵۆزییەکی ئەمنیی سەخت بووەتەوە. لە کاتێکدا هەسەدە باس لە هێرشی هێزەکانی سەر بە دیمەشق بۆسەر زیندانی داعش دەکات، وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزە کوردییەکان بە "چاندنی بۆمب و بریندارکردنی هاووڵاتییان" تۆمەتبار دەکات.
رۆژی دووشەممە 19-01-2026 ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند، لە دەوروبەری زیندانی شەدادی لە باشووری حەسەکە، کە هەزاران چەکداری داعشی تێدا بەند کراوە، شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان هێزەکانیان و "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق" بەردەوامە.
هەسەدە هۆشداریی دا، ئەم هێرشە لەم کاتە هەستیارەدا مەترسییەکی گەورە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات و رێگە بۆ دروستبوونی پشێوی و تیرۆر خۆش دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە رێگەی فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد، "چەکدارانی پەکەکە" لە رۆژئاوای شارۆچکەی شەدادی چەند بۆمبێکی چێندراویان داناوە. بەپێی گوتەی وەزارەتەکە، ئەو بۆمبانە بە دوو ئۆتۆمبێلی سڤیلدا تەقیونەتەوە و بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی.
ئەم ئاڵۆزییە ئەمنییانە لە کاتێکدان کە رۆژی یەکشەممە 18-01-2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، رێککەوتنێکی 14 خاڵیان بۆ ئاگربەست و تێکەڵکردنی تەواوەتیی هێزەکان واژۆ کرد.
هەر ئەمرۆ دووشەممە، مەزڵووم عەبدی گەیشتە دیمەشق بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع تاوەکو وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکەن.
سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، لە چەند رۆژی رابردوودا سوپای عەرەبیی سووریا پێشڕەویی گەورەی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کردووە و کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی تەبقە و دێرەزوور و کێڵگە نەوتییەکانی کردووە.
لە حەسەکەش بەهۆی شەڕ و پێشڕەوییەکان، نزیکەی 20,000 خێزان ئاوارە بوون. بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی شارەکەش داوای هاوکاریی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی بەپەلە دەکات، چونکە بەهۆی زۆریی بریندارەکانەوە نەخۆشخانەکان تووشی کورتهێنان بوون.
هەسەدە و حکومەتی دیمەشق یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن. هەسەدە دەڵێت، دیمەشق هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی زیندانەکانی داعش دەدات، سوپای سووریاش دەڵێت، گرووپە چەکدارەکان لەرێگەی هێرش و تەقاندنەوەی بۆمبەوە دەیانەوێت رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بکەن.