سوپای سووریا هەسەدە بە ئازادکردنی هەزاران داعش لە شەدادی تۆمەتبار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکان لە سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، یەکەکانی سوپا دەستیان کردووە بە ئۆپەراسیۆنی پاراستنی زیندانی شەدادی و دەوروبەری، بە مەبەستی دەستگیرکردنەوەی ئەو زیندانییانەی داعش، کە بانگەشەی ئەوە دەکات لەلایەن هەسەدەوە ئازاد کراون.
 
بەپێی راگەیێندراوی رۆژی دووشەممەی سوپای عەرەبیی سووریا، هێزەکانیان دەستیان بە چوونەژوورەوەی شاری شەدادی و دەوروبەری کردووە تاوەکو ئەو چەکدارانەی داعش بگرنەوە، کە دەڵێت، "هەسەدە ئازادی کردوون."
 
سوپاکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوای تەواوبوونی پڕۆسەی ئەمنی و جێگیرکردنی ئاسایش، زیندانەکە و هەموو بنکە ئەمنییەکانی ناو شارەکە رادەستی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێن.
 
سوپای عەرەبیی سووریا ئاشکرای کرد، پێشتر پەیوەندییان بە نێوەندگیرەکان و سەرکردەکانی هەسەدەوە کردووە تاوەکو زیندانی شەدادی رادەستی ئاسایشی ناوخۆ بکرێت بۆ پاراستنی، "بەڵام هەسەدە رەتیکردووەتەوە."
 
سوپا عەرەبییەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "هەسەدە بە بەرپرسیاری تەواوەتیی ئازادکردنی چەکدارانی داعش لە زیندانی شەدادی دەزانین و ئەوەی پێویست بێت دەیکەین بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە."
 
ئەم تۆمەتبارکردنەی سوپای سووریا لە کاتێکدایە، هەر ئەمرۆ رۆژی دووشەممە 19-01-2026، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق" کۆنترۆڵی زیندانی شەدادییان لەدەستداوە. هەسەدە حکومەتی دیمەشقی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست هێرشی کردووەتە سەر زیندانەکە بۆ ئەوەی پشێوی دروست بکات و رێگە بۆ هەڵاتنی داعشان خۆش بکات.
 
هەسەدە هەروەها دەڵێت، لە پاراستنی زیندانی (قەتان) لە رەققە و زیندانی شەدادی، تەنیا لە ئەمرۆدا 29 شەهید و برینداریان داوە. لە کاتێکدا دیمەشق هەسەدە بە ئازادکردنی داعشان تۆمەتبار دەکات، هەسەدە دەڵێت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرەڕای ئەوەی تەنیا 2 کیلۆمەتر لە زیندانەکەوە دوور بوون، دەستوەردانیان نەکردووە بۆ رێگری لەم کارەساتە.