بەریتانیا: ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی داعش بەردەوام دەبن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا جەختی کردەوە، هیچ پلانێکیان نییە بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژی رێکخراوی داعش لە سووریا و عێراق.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی رۆژی دووشەممەی وەزارەتی بەرگری، بەریتانیا هێشتا پابەندە بە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش و رێگری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەو رێکخراوە. 
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بەردەوامییە لەپێناو پشتگیریکردن لە سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیایە.
 
ئەم هەڵوێستەی لەندەن لە کاتێکدایە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی سووریا، رووبەڕووی وەرچەرخانێکی سیاسی و ئەمنیی گەورە بووەتەوە. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 19-01-2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، گەیشتە دیمەشق بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا، بە مەبەستی واژۆکردنی فەرمیی ئەو رێککەوتنە 14 بڕگەیییەی کە تێیدا بڕیاردراوە هەسەدە لە ناو سوپای نیشتمانیی سووریادا تێکەڵ بکرێت.
 
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، مەترسییەکانی داعش جارێکی دیکە سەریان هەڵداوەتەوە. ئەمڕۆ هەسەدە رایگەیاند، کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی لە باشووری حەسەکەی لەدەستداوە و هۆشداریشی دا لە هێرشە بەردەوامەکانی سەر زیندانی (قەتان) لە رەققە. 
 
هەسەدە حکومەتی دیمەشق تۆمەتبار دەکات بەوەی لەرێگەی ئەو هێرشانەوە دەیەوێت پشێوی دروست بکات و رێگە بۆ هەڵاتنی هەزاران چەکداری داعش خۆش بکات.
 
جەختکردنەوەی بەریتانیا لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سەرەڕای رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە، هێشتا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی مەترسییەکانی داعش بە جیدی دەبینێت و نایەوێت بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکەدا دروست بێت.