وەزارەتی بەرگریی سووریا: لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراودا لە دیمەشق سەربازێک کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێ، لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراودا لە نزیک یەکێک لە باڵەخانەکانی لە دیمەشق، سەربازێک کوژرا.
 
رۆژی سێشەممە 19-05-2026، وەزارەتەکە رایگەیاند، سوپا خەریکی پووچەڵکردنەوەی بۆمبێکی چێندراو بوو لە نزیک باڵەخانەکە لە ناوچەی (باب شەرقی)، پێش ئەوەی "ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە هەمان ناوچەدا بتەقێتەوە و ببێتەهۆی شەهیدبوونی سەربازێک و برینداربوونی چەند سەربازێکی دیکە."
 
سەرچاوەیەک لە تیمی بەرگریی شارستانی رایگەیاند، "لانیکەم کەسێک لە تەقینەوەکەدا کوژراوە." سەرچاوەیەکی ئەمنیش رایگەیاند، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە ئەگەری زۆرە تەقینەوەکە بەهۆی "بۆمبێکی چێندراوەوە بووبێت کە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا دانرابوو."
 
لەوکاتەوەی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دوای لابردنی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2024ـدا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، دیمەشق ناوبەناو رووداوی هاوشێوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
لە حوزەیرانی پاردا تەقینەوەیەک لە کەنیسەیەکی دیمەشق 25 کەسی کوشت و گرووپێکی سوننەی تووندڕۆ بە ناوی (سەرایا ئەنساروسوننە) بەرپرسیارێتیی خۆی راگەیاند، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران رێکخراوی داعشیان تۆمەتبار کرد.