ئەحمەد شەرع ئاگربەستی راگەیاند و بەڵێنی پاراستنی پێکهاتەکان و دادپەروەری بۆ هەمووان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری سووریا "رۆژێکی نوێ"ی بۆ داهاتووی وڵاتەکەی راگەیاند و جەختی لەسەر "یەکڕیزیی نیشتمانی، دادپەروەری و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان" کردەوە. هاوکات نووسینگەکەی ئاگربەستێکی دەستبەجێی لە پارێزگای سوەیدا راگەیاند، ئەوەش دوای هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادانی تائیفی، کە بووە هۆی کوژرانی سەدان کەس.
رۆژی شەممە 19-07-2025 ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، "هێزی دەوڵەت لە یەکگرتوویی گەلەکەیدایە. ئێمە جەخت لەسەر پێویستیی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ هەمووان دەکەینەوە."
سەرۆککۆماری سووریا بەڵێنیشی دا، "هیچ کەسێک لە سزا دەرباز نابێت" و دەوڵەت پابەندە بە "پاراستنی هەموو نەتەوە و کەمینەکان، لێپرسینەوەش لەگەڵ هەموو پێشێلکارێکدا دەکات، ئیدی هەر لایەنێک بێت."
سەرۆکی کاتیی سووریا هۆشداریی دژی "هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ناکۆکیی تائیفی" دا و گوتی، "پێویستە بە تووندی رووبەڕووی هەر کەسێک ببینەوە کە هەوڵی خۆشکردنی ئاگری تائیفی دەدات. سووریا گۆڕەپانێک نییە بۆ پڕۆژەکانی جیابوونەوە."
ئەم راگەیاندنانە لە کاتێکدایە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا "بە ئامانجی پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و کۆتاییهێنان بە پشێوییەکە"، بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکانی لە پارێزگای سوەیدا پشتڕاست کردەوە.
ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە دێن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نێوەندگیریی ئاگربەستێکی لەنێوان ئیسرائیل و حکومەتی سووریادا کرد. شەرع سوپاسی رۆڵی ئەمریکای کرد بۆ "جەختکردنەوەی لەسەر وەستان لەگەڵ سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی."
سەبارەت بە کۆمەڵگەی دروز، شەرع گوتی، ناکرێ بەهۆی کاری چەند کەسێکەوە تەواوی پێکهاتەی دروز سزابدرێ. سەرۆکی سووریا داوای لە هۆزەکان و "رۆڵەکانی دروز" کرد "لە یەک ریزدا بوەستن" و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پابەندی ئاگربەستە تەواوەکە بن.
پێکدادانەکانی ئەم دواییە، کە بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 718 کەس، دۆخێکی مرۆیی کارەساتباریان دروست کردووە و بەپێی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، زیاتر لە 80,000 کەس ئاوارە بوون. بەرپرسانی تەندروستی هۆشدارییان داوە لەوەی کە نەخۆشخانەکان پڕبوون لە بریندار و تەرم.