سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە سوەیدا، پێکدادانەکان بەردەوامن
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست، ئەمڕۆ شەممە، شەڕ و پێکدادان لە پارێزگەی سوەیدای باشووری سووریا بەردەوام بوو.
دووکەڵ لە چەند ماڵێک و چەند شوێنێکی جیاجیای شارەکە بەرزبووەوە. چەکدارێکی هۆزە دەشتەکییەکانی بە سۆلین محەممەد، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، شەڕ لە نێو شارەکە و چەند گوندێکی دەوروبەری بەردەوامە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند کاژێرێک پێشتر، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا، ئاگربەستی راگەیاندبوو، بەڵام دەشتەکییەکان و چەکدارانی هۆزەکان کە هاوپەیمانی حکومەتی دیمەشقن، لە رۆژئاوای شارە زۆرینە دروزەکە دەستیان لە هێرش هەڵنەگرت.
چەکدارانی هۆزە سوننییەکان لە ناوچەکانی دیکەی سووریاوە رۆیشتوون و لە سوەیدا کۆبوونەتەوە بۆ پشتیوانیکردنی ئەو دەشتەکییانەی کە لە 13ی تەممووزەوە لەگەڵ چەکدارە درووزەکان لە پێکداداندان.
بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەهۆی تووندوتیژییەکانەوە لانیکەم 940 کەس کوژراون.
لە شاری سوەیدا، کە نزیکەی 150 هەزار کەسی تێدا دەژی، دانیشتووان لە ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە و کارەبا و ئاویان نییە.
سەرەڕای بانگەوازی دووبارە بۆ هاوکاریی مرۆیی، دەستکەوتنی خۆراک کەمە و پەیوەندییەکانیش بە رادەیەکی زۆر پچڕاون.
لە نزیک نەخۆشخانەی سەرەکیی شارەکە، تەرمە ئاوساوەکان بردرانە چاڵێکی نزیک بۆ ئەوەی بنێژرێن، چونکە بەشی توێکاری پزیشکیی دادوەری پڕ ببوو.
پزیشکێک پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە نەخۆشخانەکە زیاتر لە 400 تەرمی وەرگرتووە.
رۆژی شەممە، هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکە بڵاوەیان پێکرا بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆیان، خەڵکی سڤیل بپارێزن و کۆتایی بە شەڕ و پێکدادان بێنن.
لە نزیک گوندێکی باکووری سوەیدا، هێزەکانی حکومەت لە خاڵێکی پشکنین بڵاوەیان پێکرا، بەڵام نەیانتوانی رێگری لە پێشڕەویی چەکدارە هۆزە سوننییەکان بکەن.
نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، لە باکووری پارێزگاکەوە گوتی، کە هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە "بۆ پاراستنی موڵکی گشتی و تایبەت و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان."
هەروەها گوتی، هێزەکانی حکومەت "سەرپەرشتیی کشانەوەی ئەو هۆزانە دەکەن کە لەگەڵ گرووپە لە یاسا دەرچووەکان لە شەڕدا بوون،" کە مەبەستی لە چەکدارە دروزەکان بوو.
بەشێک لە چەکدارانی هۆزەکان پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، لە شارەکە کشانەوە.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕ و پێکدادانەکان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی لانیکەم 87 هەزار کەس.
لە رۆژانی رابردوودا، ڤیدیۆی دڕندانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، کە هەندێکیان نیشانیدەدەن خەڵک بە جلی سڤیلەوە دەکوژرێن سووکایەتی بە پیاوە ئایینییەکانی دروزەکان دەکرێت.