ئەنجوومەنی جێبەجێکاری رەققە: سەرۆک هۆزەکانی پارێزگاکە هیچ گفتوگۆیەکیان لەبارەی رادەستکردنی رەققە نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری رەققە دەڵێت، ''ئەو دەنگۆیانەی باس لە رادەستکردنی شاری رەققە بە حکومەتی سووریا دەکەن راست نین. ریشسپی و سەرۆک هۆزەکانی پارێزگاکەش هیچ گفتوگۆیەکیان لەبارەی رادەستکردنی رەققە نەکردووە.''
دوو رۆژە دەنگۆی لەو جۆرە بڵاوبووەتەوە، گوایە ''بەشێک لە سەرۆک هۆزەکانی رەققە داوایان کردووە ئەو شارەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رادەستی حکومەتی سووریا بکرێت.''
مشلب ترکان، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری رەققەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''ئەو دەنگۆیانەی باس لە رادەستکردنی شاری رەققە بە حکومەتی سووریا دەکەن دوورن لە راستییەوە. ریشسپی و سەرۆک هۆزەکان هیچ گفتوگۆیەکیان لەبارەی رادەستکردنی رەققە نەکردووە.''
رۆژی یەکشەممە 17ی تەممووزی 2025 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و ریشسپیی هۆزەکانی رەققە ئەنجام دا.
مشلب ترکان، کە خۆی یەکێکە لە ریشسپیانی هۆزی (عەڤادلە)ی رەققە، گوتی، ''هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دوو کۆبوونەوەی هەبوو. یەکەمیان لەگەڵ ریشسپی و سەرۆک هۆزەکانی رەققە و تەبقە بوو، لەبارەی شێوازی بەشداریکردن لەنێو حکومەتی سووریا و گفتوگۆکان بوو. دووەم کۆبوونەوە لەگەڵ دەستەی راوێژکاری و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەنجوومەنی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری رەققە بوو، بەڵام هیچ شتێک لەبارەی رادەستکردنی رەققە باس نەکرا."
بە گوتەی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری رەققە، لەو کۆبوونەوانەدا جەخت لەسەر گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە کرایەوە.
مشلیب ترکان گوتیشی، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی مەدەنی و سیاسیدا بەردەوام دەبن.