هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی تەنەف درۆنێکیان خستە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی هێزەکانی سووریای ئازاد رایگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانان درۆنێکیان لە نزیک بنکەی ئاسمانیی تەنەف لە شاری حمسی سووریا خستووەتە خوارەوە.
رۆژی یەکشەممە 19-11-2023 عەبدولڕەزاق ئەلخدر، بەرپرسی ئۆفیسی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای ئازاد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی شەممە 18ی ئەم مانگە هێزەکانی هاوپەیمانان درۆنێکیان لە نزیک بنکەی تەنەف لە حمس خستووەتە خوارەوە.
بە گوتەی عەبدولڕەزاق ئەلخدر، درۆنەکە لە کاژێر 09:00ی شەوی شەممە گەیشتووە ناوچەی 55، کە بنکەی تەنەفی لێیە، بەڵام بەر لەوەی بگاتە بنکەکە، هێزەکانی هاوپەیمانان تێکیان شکاندووە و لە بیابان کەوتووەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی مادی و گیانیی لێ بکەوێتەوە.
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، رۆژی شەممە لە کەناڵی تەلەگرام رایانگەیاند، بە دۆرن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی تەنەف و راستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکاوە.
بەرپرسەکەی هێزەکانی سووریا ئازاد ئاماژەی بەوە دا، هێزەکانیان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی ناوچەکە.
لەدوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونیشنەکانی ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەر، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، سووریا و هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیانپێكردووەتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پێنتاگۆن"، لە 17ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە، 61 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا. 33 لەو هێرشانە لە سووریا بوون و 28یشیان لە عێراق بوونە. بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە، 58 سەرباز "بە سووکی" بریندار بوون.
ئەمریکا، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە بەرپرسیاری هێرشەکان دەزانێت. هەر بۆیە هێزەکانی ئەمریکا سێ جار بنکە و پێگەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لەنێو سووریا کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی پێنتاگۆن، لە دەرئەنجامی ئەو هێرشانە، زیانی گەورە بەو گرووپە چەکدارانە کەوتووە.