سووریا: سەردانەکەی نەتەنیاهوو پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریمانە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سووریا سەردانێکی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک وەزیری ئیسرائیلی بۆ باشووری سووریا سەرکۆنە کرد و بە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەری و یەکپارچەیی خاکی" وەسفیکرد. لە بەرامبەردا، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەنێو سەربازانی وڵاتەکەی لەو ناوچەیە رایگەیاند، ئامادەیی سەربازییان لە ناوچە دابڕێنەرەکەدا گرنگییەکی زۆری هەیە.
رۆژی چوارشەممە 19-11-2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەردانی ئەو هێزە ئیسرائیلییانەی کرد کە لە سووریا لەو دیوی هێڵی ئاگربەستەوە جێگیرکراون. بەگوێرەی گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل، لە سەردانەکەدا جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوە؛ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری؛ ئەیال زەمیر، سوپاسالار و دەیڤد زینی، سەرۆکی دەزگەی ئاسایشی شین بێت، یاوەری نەتەنیاهوو بوون.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێنراوێکدا "بە تووندترین شێوە" سەردانە "ناشەرعییەکەی" سەرکردە ئیسرائیلییەکانی بۆ باشووری سووریا سەرکۆنە کرد.
وەزارەتەکە رایگەیاند، سەردانەکە "پێشێلکارییەکی مەترسیدارە بۆ سەر سەروەریی کۆماری عەرەبیی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی." هەروەها جەختی کردەوە کە "ئەم سەردانە هەوڵێکی نوێیە بۆ سەپاندنی واقیعێکی نوێ کە لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشدا ناکۆکە و دەکەوێتە چوارچێوەی سیاسەتەکانی داگیرکاری."