راپۆرتێک: دیمەشق و هەسەدە پەلە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوانیان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، بەرپرسانی سووریا، کورد و ئەمریکا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەم ساڵ، پێشكەوتنێک لە رێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سووریا بەدەست بهێنرێت و رێککەوتنەکە لە شکستخواردن رزگار بکەن. 
 
رێککەوتنەکە لە مانگی ئاداری 2025 لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا بۆ تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی دیمەشق واژۆ کرابوو.
 
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنەکان کە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، سەرەڕای زیادبوونی نیگەرانییەکان بەهۆی دواکەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، لە رۆژانی رابردوودا گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان خێراتر بووە، هەرچەندە هەندێک لە سەرچاوەکان هۆشدارییان داوە، کە ئەگەری روودانی پێشکەوتنێکی گەورە، کەمە.
 
پێنج سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردووە، حکومەتی راگوزەری سووریا پێشنیازێکی نوێی داوتەوە هەسەدە. 
 
بەگوێرەی بەرپرسێکی سووریا، بەرپرسێکی رۆژئاوایی و سێ بەرپرسی کورد، لە پێشنیازەکەدا دیمەشق ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئەوەی هەسەدە نزیکەی 50 هەزار شەڕڤانەکەی بەسەر سێ یەکەی سەرەکی و چەند لیوایەکی بچووکتردا دابەش بکاتەوە، بە مەرجێک فەرماندەیی بەشێک لەو هێزانە لە دەستی دیمەشقدا بێت و ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریش بەڕووی هێزەکانی دیکەی سوپای سووریادا بکاتەوە.
 
"پاراستنی ئابڕوو" و درێژکردنەوەی گفتوگۆکان
 
رۆیتەرز نووسیویەتی: "دیار نییە ئایا بیرۆکەکە سەردەگرێت یان نا، چەند سەرچاوەیەکیش ئەگەری رێککەوتنێکی گشتگیر لە دوا ساتەکاندا بە دوور دەزانن و دەڵێن گفتوگۆی زیاتر پێویستە". لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسێکی هەسەدە بە ئاژانسەکەی گوتووە: "لە هەموو کاتێک زیاتر لە رێککەوتن نزیکین".
 
بەرپرسێکی دیکەی وڵاتانی رۆژئاوا رایگەیاندووە، هەر راگەیێندراوێک لە رۆژانی داهاتوودا هەبێت، بەشێکی بۆ "پاراستنی ئابڕوو"، درێژکردنەوەی وادەکە و پاراستنی سەقامگیرییە لە وڵاتێکدا کە ساڵێک دوای رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، هێشتا دۆخەکەی ناجێگیرە.
 
بەگوتەی زۆربەی سەرچاوەکان، هەر شتێک رابگەیێندرێت، ناگاتە ئاستی تێکەڵبوونی تەواوەتی هەسەدە بە دامەزراوە سەربازیی و حکومییەکان بەر لە کۆتایی ئەم ساڵ، وەک ئەوەی لە رێککەوتنی 10ـی ئاداردا هاتووە. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "شکستهێنان لە چارەسەرکردنی قووڵترین درزی سووریا مەترسی پێکدادانی چەکداری لێدەکەوێتەوە، ئەمەش دەتوانێت رێگری بکات لە دەرچوونی وڵاتەکە لە لێکەوتەکانی جەنگی 14 ساڵە و ئەگەری هەیە تورکیاش پەلکێشی شەڕەکە بکات، کە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر شەڕڤانانی کورد دەکات".
 
هەردوولا یەکتری بە دواخستن و نیازخراپی تۆمەتبار دەکەن. هەسەدە ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو خۆبەڕێوەبەرییە بێت کە وەک هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا لە کاتی جەنگدا لە رۆژئاوای  کوردستان و باکووری سووریا بەدەستی هێناوە.
 
بە گوێرەی رۆیتەرز، چەند سەرچاوەیەک دەڵێن، ئەمریکا کە پشتگیری لە ئەحمەد شەرع دەکات و داوای پشتیوانیی جیهانی بۆ حکومەتە کاتییەکەی دەکات، پەیام لەنێوان هەسەدە و دیمەشق دەگوازێتەوە، نێوەندگیری بۆ گفتوگۆکان دەکات و هانی رێککەوتن دەدات.
 
تورکیا دەڵێت "ئارامی نەماوە"
 
دوای ئەوەی خولێکی گەورەی گفتوگۆکان لە هاویندا بێ ئەنجام بوو، گرژییەکان روویان لە زیادبوون کردووە و بەدەر لەوەش ناوبەناو پێکدادان لە چەند بەرەیەکی نزیک لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر روودەدات.
 
بەرپرسێکی سووری دەڵێت، وادەی کۆتایی ساڵ بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزەکان وەک خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە، تەنیا "هەنگاوی پاشگەزنەبووەوە" لەلایەن هەسەدەوە دەتوانێت ببێتە هۆی درێژکردنەوەی وادەکە.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، نایانەوێت پەنا بۆ رێگەی سەربازی ببەن، بەڵام هۆشداریدا کە ئارامییان بەرامبەر هەسەدە "خەریکە تەواو دەبێت".
 
رۆیتەرز دەڵێت، بەرپرسانی کورد "گرنگییان بە وادە دیاریکراوەکە نەداوە" و دەڵێن پابەندن بە گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە تێکەڵبوونێکی دادپەروەرانە.
 
سیهانوک دیبۆ، بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە ئاژانسەکەی گوتووە: "متمانەپێکراوترین گەرەنتی بۆ بەردەوامیی رێککەوتنەکە لە نێوەڕۆکەکەیدایە نەک لە کاتەکەیدا". دیبۆ ئاماژەی بەوەشکردووە کە رەنگە جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی رێککەوتننامەکە تاوەکو نێوەڕاستی ساڵی 2026 بخایەنێت.
 
هەسەدە لە مانگی تشرینی یەکەمدا پێشنیازی کردبوو هێزەکانی رێکبخاتەوە و بەسەر یەکەی جوگرافی و چەند لیوایەکدا دابەشیان بکات. روون نییە ئایا رازیبوونی دیمەشق بەو پێشنیازە هەسەدە رازی دەکات کە دەستبەرداری کۆنترۆڵی ناوچەکانی بێت یان نا.
 
عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە دیمەشق بە رۆیتەرزی رایگەیاندووە، پێشنیازەکە کە بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکراوە، "وردەکاری لۆجستی و ئیداری تێدایە کە رەنگە ببێتە هۆی ناکۆکی و پرۆسەکە دوا بخات".
 
هەروەها بەرپرسێکی باڵای سووریا بە رۆیتەرزی گوتووە، وەڵامەکە "نەرمی تێدایە بۆ ئاسانکاری لە گەیشتن بە رێککەوتنێک کە رێککەوتنی مانگی ئادار جێبەجێ بکات".