کوژرانی سێ ئەمریکی لە سووریا کەلێنی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی راگوزەر دەردەخات
رووداو دیجیتاڵ
کەلێنی گەورە لەنێو ریزەکانی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی راگوزەری سووریادا دەرکەوتووە، دوای ئەو هێرشەی کە رۆژی شەممە، 13ی کانوونی یەکەم لە نزیک تەدمور بووە هۆی کوژرانی سێ ئەمریکی، کە هێرشکارەکەی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان بوو. هێرشەکە دەریخست کە دیمەشق نەیتوانیوە رێگری لە دزەکردنی ئەو کەسانە بۆ نێو ریزی هێزەکانی بکات کە ملکەچی سیاسەت و فەرمانەکانی نین.
بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارانەی لەم راپۆرتەدا قسەیان کردوو، هێرشەکە دیمەشق دەخاتە دۆخێکی ناهەموارەوە، بەتایبەتی لە کاتێکدا سووریا بە شێوەیەکی بێپێشێن لە واشنتن نزیکبووەتەوە و چوونە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە.
کەلێن لە دامەزراندندا
لە رووداوێکدا کە یەکەمجارە روودەدات لەوەتەی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆک، دەسەڵاتی گرتووەتەدەست، رۆژی شەممە سێ ئەمریکی لە بیابانی نێوەڕاستی سووریا کوژران. هەرچەندە واشنتن هێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی داعش، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی سووریا زیاتر لە جارێک دووپاتی کردووەتەوە کە چەکدارەکە ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئەوان بووە و رێکخراوە پەڕگیرەکەش هێرشەکەی لە ئەستۆی نەگرتووە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ، هێرشکارەکە لە مانگەکانی رابردوودا پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانەوە کردووە و بڕیاربووە بەهۆی "بیرۆکەی تەکفیری یان تووندڕۆییەوە" دەربکرێت. ئەو کەسە لەنێو زیاتر لە پێنج هەزار کەسدا بووە، کە لە ناوچەی بیابان (بادیە) دامەزرێنراون، کە هێشتا شانەی نووستووی داعشی لێیە.
دوای رووخانی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، شەرع تەواوی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی پێشووی هەڵوەشاندەوە و دەزگا ئەمنییە بچووکەکەی خۆی لە ئیدلبەوە گواستەوە دیمەشق.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئەورووپی دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دوای گرتنەدەستی دەسەڵات دابڕانی خۆی لە رابردووە جیهادییەکەی راگەیاند، بەڵام هێشتا "ئەندام و کەسانی تووندڕۆ لەنێو چەکدارەکانیدا ماون و رەنگە بەشێکیان دژی گۆڕینی رێڕەوی سەربازی بن بۆ رێڕەوی سیاسی".
جیرۆم درێڤن، توێژەری بواری کاروباری گرووپە جیهادییەکان لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، حکومەتەکەی شەرع لەبری ئەوەی "وردبینیی تووندوتۆڵ" بۆ ئەوانە بکات کە دایان دەمەزرێنێت، پەنای بۆ "کەمکردنەوەی رێوشوێنەکانی پشکنین بردووە، بۆ ئەوەی زۆرترین کەس دامەزرێنێت".
بە بڕوای درێڤن، ئەمەش روونی دەکاتەوە کە بۆچی هەندێک چەکداری "زۆر تووندڕۆ" لە نێو ریزەکانی هێزە ئەمنییەکانی دیمەشقدا هەن کە ئامادەن دژی هێزەکانی ئەمریکا بوەستنەوە، چونکە دژی بڕیاری حکومەتن بۆ پەیوەندیدانان لەگەڵ رۆژئاوا و چوونە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
نانار هەواش، توێژەری تایبەت بە کاروباری سووریا لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: "ئەوەی جێگەی نیگەرانییە" ئەوەیە کە رەنگە خەڵکی دیکەی هەڵگری هزری توندڕۆیی هاوشێوەی هێرشکارەکە لە نێو هێزە ئەمنییەکاندا هەبن. هەروەها دەڵێت: "بەهۆی پەلەکردنی دەسەڵات لە تێکەڵکردنەوەی گرووپە چەکدارە جیاوازەکان لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەت، پرۆسەی وردبینی و چاودێری لاواز بووە و ئەمەش وایکردووە دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ دزەکردنە ناویان کراوەبن".
مەترسیی داعش
سەرچاوە ئەمنییە ئەوروپییەکە ئاماژە بەوە دەکات، هاوتەریب لەگەڵ کەلێنەکانی دامەزراندن، داعش ئەو پشێوییەی قۆستووەتەوە کە لە دوای رووخانی ئەسەدەوە دروستبوو بۆ ئەوەی "چەکدارەکانی لە حەشارگەکانی بیابان دەربهێنێت و دووبارە لە باکووری رۆژئاوا و دیمەشق جێگیریان بکات" بە ئامانجی "لەرزۆککردنی دەسەڵات".
بە گوتەی درێڤن، "مەترسیی راستەقینەی داعش لەو شێوازەدایە کە لەنێو شارەکان هەوڵی فراوانبوون دەدات و دۆخی خراپی ئابووری بۆ راکێشانی خەڵک دەقۆزێتەوە".
دوای هێرشەکە، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی شانە نووستووەکانی داعش دەستپێکردووە و بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی زیاتر لە 11 کەس دەستگیرکراون.
پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوا
لەوەتەی دەسەڵاتی گرتووەتەدەست، شەرع هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ رۆژئاوا باش بکات، بەتایبەتی ئەمریکا، بەو ئومێدەی دەرگای دەرفەتی ئابووری بەڕووی سووریادا بکاتەوە کە بەهۆی جەنگەوە وێران بووە.
لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن لە تشرینی دووەم، سووریا بە فەرمی بووە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.
دوای هێرشەکەی تەدمور، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی دا و رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن داعشەوە کراوە "لە ناوچەیەکی زۆر مەترسیداری سووریا کە حکومەت کۆنترۆڵی تەواوی بەسەردا نییە".
نانار هەواش پێشبینی دەکات هێرشەکە وا لە واشنتن بکات بیر لە "گرنگیدانی زیاتر بە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)" بکاتەوە.
ئێستا دیمەشق لەگەڵ کورد لەگفتوگۆدایە، بەگوێرەی رێککەوتنێک کە بەشێکی بریتییە لە تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە حکومەتی سووریا، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
دیپلۆماتێکی رۆژئاوایی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە: "دەکرێت هەردوولا هاوپەیمانییەکی بەهێز بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنن ئەگەر ویست لەلایەن هەردوولاوە هەبێت و وڵاتانیش پشتیوانی بکەن".