میدیای سووریا: ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دیمەشق
رووداو دیجیتاڵ
میدیای حکومەتی سووریا دەڵێت، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دیمەشق. سەرچاوە خۆجێییەکانیش باس لە کوژرانی پێنج کەس دەکەن و دەڵێن، یەکێکیان ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانە.
رۆژی شەممە، 20-1-2024، میدیای فەرمیی حکومەتی سووریا بڵاویکردەوە، ئیسرائیل "هێرشی کردە سەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە دیمەشقی پایتەخت. هێرشەکە بۆ سەر ناوچەیەک لە گەڕەکی مەزە لە ناوچەی سەییدە زەینەب لە باشووری رۆژهەڵات بوو".
تا ئێستا حکومەتی سووریا ئاماری کوژراو و بریندارانی رانەگەیاندووە و حکومەتی ئیسرائیلیش لێدوانی نەداوە.
سەرچاوەیەکی خۆجێیی سووریا دەڵێت، "تا ئێستا پێنج کەس بەهۆی ئەو هێرشەوە کوژراون"؛ سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، "ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر یەکەکی نیشتەجێبوون کە لەلایەن چەند راوێژکارێکی ئێرانی بەکاردەهات. یەکێک لە کوژراوەکان ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانە".