وەزارەتی ناوخۆی سووریا: 81 لەو داعشانەمان دەستگیرکردەوە کە لە زیندانی شەدادی هەڵاتبوون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، "لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی ورد لە ناو شاری شەدادی و دەوروبەری،" توانیویانە 81 چەکداری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستگیر بکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە رووداوێکی تەمومژاویدا ژمارەیەکی زۆر زیندانی لەو زیندانە هەڵاتن.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆ کە لە ئاژانسی سانا بڵاوکراوەتەوە، بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، نزیکەی 120 چەکداری داعش لە زیندانی شەدادی لە گوندەواری حەسەکە هەڵاتبوون، کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دابوو. دوای ئەم رووداوە، یەکەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بە یاوەریی یەکەکانی ئەرکە تایبەتەکانی وەزارەتی ناوخۆ چوونە ناو شارەکە و دەستیان بە گەڕان و پشکنین کرد بۆ راوەدوونانی هەڵاتووەکان.
حکومەتی دیمەشق جەختی کردەوە، هەوڵە ئەمنییەکانیان بە هاوئاهەنگی لە نێوان وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ و دەزگەی هەواڵگریی گشتی بەردەوام دەبن تاوەکو هەموو هەڵاتووەکان دەستگیر دەکرێنەوە و رێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
ئەم هەڵکشانە ئەمنییە مەترسیدارە لە کاتێکدایە، کە هەر دوێنێ دووشەممە 19-01-2026، هەسەدە رایگەیاند کە بەهۆی هێرشی "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق،" کۆنترۆڵی زیندانی شەدادییان لەدەستداوە. هەسەدە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەردەکەوێت چەکدارانی سەر بە حکومەت هێرش دەکەنە سەر زیندانەکە و دەرگەکانی بۆ "هەزاران داعش" دەکەنەوە. لە بەرامبەردا سوپای سووریا هەسەدەی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست داعشی ئازاد کردووە بۆ تێکدانی سەقامگیری.
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بە رووداوی راگەیاند، تەنیا لە زیندانی شەدادی 1500 چەکداری داعش بەردراون و ئێستا شەڕی ئەوان دەکەن
ئەم ئاڵۆزییانە هاوکاتن لەگەڵ شکستی دانوستاندنەکانی دیمەشق لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع. سەرچاوەکانی هەسەدە بۆ رووداو ئاشکرایان کردووە، شەرع بەڵێنەکانی ئەمریکای بۆ کورد (وەک مانەوەی هەسەدە وەک فیرقەیەکی یەکگرتوو و ئیدارەی ناوچە کوردییەکان) رەتکردووەتەوە و داوای خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتیی کورد دەکات.
هاوکات لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی، هۆشدارییەکی تووندی داوەتە دیمەشق کە ئەگەر هێرشەکان رانەگیرێن، رووبەڕووی سزای "ئێسقانشکێن" دەبنەوە. گراهام داوای لە واشنتن کردووە "بە هەر هۆکارێکی پێویست بێت" راستەوخۆ دەستوەردان بکات بۆ پاراستنی زیندانەکانی داعش لە سووریا، چونکە بە گوتەی ئەو، هەڵاتنی ئەو چەکدارانە کارەساتە و دەبێتە هۆی "بەرپابوونی دۆزەخ" لە تەواوی ناوچەکەدا.