وەزارەتی بەرگریی سووریا: بەڵێن دەدەین ناچینە گوند و شارۆچکە کوردنشینەکان

رووداو دیجیتاڵ

دوای راگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە کەمپی هۆل، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئامادەیی هێزەکانی بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی کەمپی هۆل و هەموو ئەو زیندانانە دەربڕی کە چەکدارانی داعشیان تێدایە و دەڵێت: "کاری لەپێشینەمان شەڕکردنە دژی داعش." وەزارەتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانی ناچنە نێو گوند و شارۆچکە کوردنشینەکانەوە. 
 
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دەداتە سەرکردایەتیی هەسەدە و دەڵێ: "رەتی دەکەینەوە دۆسیەی زیندانییەکان وەک کارتی گوشاری سیاسی بەکاربهێندرێ."
 
دیمەشق داوا لە هەسەدە دەکات "بەپەلە" رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم جێبەجێ بکات.
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاندووە: "بەڵێن دەدەین هێزەکانمان ناچنە ناو گوند و شارۆچکە کوردییەکان و ئەرکمان تەنیا پاراستنی ئاسایش و دامەزراوە حکومییەکان دەبێ."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا گوتی، بەهۆی "بێباکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر دۆسیەی داعش"، هێزەکانیان لە کەمپی هۆڵ کشاونەتەوە و لە دەوروبەری شارەکانی باکووری سووریا جێگیر دەبنەوە.
 
کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە کەمپەکە دوای چەندین کاژێر لە پێکدادان هات لەگەڵ سوپای عەرەبیی سووریا.
 

دەقی راگەیێندراەکەی وەزارەتی بەرگریی سووریا

 
وەزارەتی بەرگری
 
راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانی
 
ئامادەیی تەواوی خۆمان رادەگەیەنین بۆ وەرگرتنی کەمپی هۆڵ و تەواوی زیندانەکانی "داعش" لە ناوچەکەدا، و جەخت دەکەینەوە کە لەپێشینەی کارەکانمان بەرەنگاربوونەوەی داعشە. هەروەها رەتیدەکەینەوە دۆسیەی زیندانییەکان وەک بارمتە یان کارتی فشاری سیاسی لەلایەن سەرکردایەتی "هەسەدە"وە بەکاربهێنرێت بۆ بڵاوکردنەوەی پشێوی و تێکدانی سەقامگیری.
 
داوا لە سەرکردایەتی "هەسەدە" دەکەین پابەندبێت بە بەڵێنەکانی و رێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەم بە شێوەیەکی بەپەلە جێبەجێ بکات.
 
جەخت لەسەر پابەندیی رەهای خۆمان دەکەینەوە بۆ پاراستنی خەڵکە کوردەکەمان و پاراستنی ئاسایشیان، و دووبارە بەڵێن دەدەین کە هێزەکانمان ناچنە ناو گوند و شارۆچکە کوردییەکان؛ چونکە سوپا قەڵغانێکە بۆ هەموو سووریاییەکان و ئامانجی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و پاراستنی دامەزراوە حکومییەکانە.