مەزڵووم عەبدی: کشاوینەتەوە بۆ ناوچە زۆرینە کوردنشینەکان و لە بەرگریکردن لێیان درێخی ناکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رۆژی سێشەممە 20-01-2026 رایگەیاند، ئاسایشی ناوچە کوردنشینەکان هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نابن. 
 
مەزڵووم عەبدی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سڵاوی بۆ بەرخودانی خەڵک و شەڕڤانان نارد لەو ناوچانەی کە رووبەڕووی هێرشی "دڕندانە و کوشتنی سیستماتیکی کورد" بوونەتەوە.
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی، هێرشەکان بۆ سەر ناوەندەکانی راگرتنی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە شەدادی و کەمپی هۆل بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادیانکردووە. 
 
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، کەمپی هۆل لە شەوی رابردووەوە رووبەڕووی هێرشی تووند و هەوڵی کۆنترۆڵکردن بە زەبری هێز بووەوە و پاسەوانانی کەمپەکەش دوای رووبەڕووبوونەوەی کاروانە سەربازییەکان و تانک و زرێپۆشەکانی سوپای سووریا، ناچار بوون پاشەکشە بکەن.
 
مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، حکومەتی سووریا بەردەوامە لە هێرشە چڕەکانی بۆ سەر شاری حەسەکە و دەوروبەری و هەروەها شاری کۆبانی؛ ئاماژەی بەوەش کرد، دیمەشق وەڵامی هیچ کام لە دەسپێشخەرییەکانی ئاگربەستی نەداوەتەوە کە لە دوو هەفتەی رابردوودا خرانەڕوو. 
 
مەزڵووم عەبدی گوتی: "ئێمە بۆ ناوچە کوردنشینەکان پاشەکشەمان کردووە و پاراستنی ئەم ناوچانە هێڵی سوورە و بە هەموو شێوەیەک بەرگرییان لێ دەکەین." 
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد، بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی زیندانەکانی داعش لە ئەستۆ بگرێ، هەروەها داوای لە حکومەتی سووریا کرد هێرشەکان رابگرێ و بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
 
ئەم هەڵوێستەی مەزڵووم عەبدی لە کاتێکدایە، دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان گەیشتووەتە هەستیارترین قۆناخی خۆی، دوای ئەوەی دانوستاندنەکانی دوێنێی دیمەشق لە نێوان عەبدی و ئەحمەد شەرع بە تەواوی شکستیان هێنا.