سانا: دیمەشق و هەسەدە رێککەوتن و هێزی سووریا ناچێتە نێو گوندە کوردنشینەکان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری عەرەبیی سووریا رایگەیاند، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ داهاتووی پارێزگای حەسەکە. بەپێی رێککەوتنەکە، هێزە سەربازییەکانی سووریا ناچنە نێو گوندە کوردنشینەکان و سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ.
سەرۆکایەتیی سووریا ئاشکرایکرد، رێککەوتوون لەسەر پێدانی مۆڵەتی چوار رۆژ بە هەسەدە بۆ راوێژکردن بەمەبەستی دانانی پلانێکی ورد بۆ میکانیزمی تێکەڵکردنەوەی ناوچەکان بە شێوەی کردەیی.
وردەکاریی رێککەوتنەکە:
هێزە سەربازییەکان: هێزەکانی سووریا ناچنە نێو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و لە دەوروبەری دەمێننەوە.
گوندە کوردنشینەکان: سوپای سووریا ناچێتە نێو گوندە کوردنشینەکان و تەنیا هێزە ئەمنییە خۆجێیەکانی خەڵکی ناوچەکە تێیدا دەبن.
تێکەڵکردنەوەی هێزەکان: سەرجەم هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە لەنێو هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆدا تێکەڵ دەکرێنەوە.
پۆستە باڵاکان: مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە بەربژێرێک بۆ پۆستی "یاریدەدەری وەزیری بەرگری" و بەربژێرێکیش بۆ پۆستی "پارێزگاری حەسەکە" پێشکەش دەکات.
مافی کورد: مەرسوومی ژمارە 13ی تایبەت بە مافە زمانی و کولتوورییەکان و مافی هاووڵاتیبوون بۆ کورد جێبەجێ دەکرێت.
دامەزراوە مەدەنییەکان: دامەزراوەکان دەخرێنە سەر پێکهاتەی حکومەتی سووریا و لیستێک بۆ دامەزراندنی فەرمانبەران پێشکەش دەکرێت.
سەرۆکایەتیی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە کە جێبەجێکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە لە کاژێر 08:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە دەستپێدەکات.
نوێدەکرێتەوە..