حکومەتی سووریا ئاگربەستی بۆ چوار رۆژ راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاگربەستی بۆ چوار رۆژ راگەیاند، ئەوەش دوای گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەکاژێر 08:00ـی ئەمشەوەوە لە تەواوی کەرتەکانی ئۆپەراسیۆنی سوپای عەرەبیی سووریا، ئاگربەست جێبەجێ دەکرێ."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە بۆ چوار رۆژ کاری پێدەکرێ، و وەک پابەندبوونێکە بەو لێکتێگەیشتنانەی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کراون، هەروەها لەپێناو سەرخستنی "هەوڵە نیشتمانییەکان".
وەزارەتی بەرگریی سووریا باس لەوە دەکات، "سوپا وەک قەڵخانی گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەمێنێتەوە و درێخی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگەی سووری و رەسەنایەتییەکەی ناکات."
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا گرژییەکان لەنێوان سوپای سووریا و هەسەدە لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان زیاتربوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن تایبەت بە داهاتووی پارێزگای حەسەکە. بەپێی رێککەوتنەکە، هێزە سەربازییەکانی سووریا ناچنە ناوچە کوردنشینەکان.
سەرۆکایەتیی سووریا گوتی، رێککەوتوون لەسەر پێدانی مۆڵەتێکی چوار رۆژە بە هەسەدە بۆ راوێژکردن بەمەبەستی دانانی پلانێکی ورد بۆ میکانیزمی تێکەڵکردنەوەی ناوچەکان بە شێوەی کردەیی.