هەسەدە پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەست لەگەڵ دیمەشق راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیێندراوێکدا پابەندبوونی تەواوی خۆی بەو ئاگربەستە راگەیاند کە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق لەسەری گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.
رۆژی سێشەممە 20-01-2026 هەسەدە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان بە تەواوی پابەندی ئاگربەست دەبن و دەستپێشخەریی هیچ کردەیەکی سەربازی ناکەن، تەنیا لەو کاتەدا نەبێ رووبەڕووی هێرش دەبنەوە.
هەسەدە باس لەوە دەکات، دەرگەیان بۆ رێگەچارەی سیاسی، گفتوگۆ و دانوستاندن کراوەیە و ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەم بە جۆرێک کە خزمەت بە ئارامی و سەقامگیری بکات.
ئەم هەڵوێستەی هەسەدە دوای زنجیرەیەک گۆڕانکاریی سیاسی و سەربازیی یەکجار خێرا دێت کە ئەمرۆ لە گۆڕەپانی سووریا روویاندا.
پێشتر سەرۆکایەتیی سووریا و وەزارەتی بەرگری رایانگەیاندبوو، لەگەڵ هەسەدە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی نوێ و لە کاژێر 20:00ـی ئەمشەو سێشەممە 20-01-2026ـەوە ئاگربەستێکی چوار رۆژە دەستپێدەکات تاوەکو هەسەدە پلانێکی ورد بۆ تێکەڵکردنی ناوچەکان و هێزەکان دادەڕێژێ.