هەسەدە: هێزەکانمان بەرپەرچی زنجیرەیەک هێرشی سەر کۆبانێیان دایەوە


رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێ، هێزەکانی بەرپەرچی زنجیرەیەک هێرشی تووندی هێزەکانی حکومەتی سووریای بۆ سەر باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی شاری کۆبانێ داوەتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، پێکدادانی سەخت لە گوندەکانی (حەمدوون، قوبە و جەعدە) لە باشووری کۆبانێ بەردەوامە؛ هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، هێزەکانی لەسەر هێڵی (جەلەبیە) لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ بەرپەرچی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریای داوەتەوە و تاوەکو ئێستاش شەڕ بەردەوامە.
 
ئەم پێکدادانە سەربازییانە لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی سووریا و سەرۆکایەتیی وڵاتەکە بڵاویانکردوەتەوە، لە کاژێر 8:00ـی ئەمشەو سێشەممە 20-01-2026ـەوە ئاگربەستێکی چوار رۆژە لەگەڵ هەسەدە دەستپێدەکات.
 
ئەم پێکدادانانەی دەوروبەری کۆبانێ لە کاتێکدان، دۆخی مرۆیی و ئەمنی لە تەواوی ناوچەکەدا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.