هەسەدە: سوپای سووریا بە 5 درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر زیندانی ئەقتان لە رەققە
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێ: "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر زیندانی ئەقتان لە باکووری شاری رەققە."
بەپێی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، لەم هێرشەدا 5 درۆنی بۆمبڕێژکراو بەکارهێندراون و تەقەیەکی یەکجار زۆر و چڕ بە ئاراستەی زیندانەکە کراوە کە زیاتر لە 2,000 چەکداری داعشی تێدا بەندن. هەسەدە دەڵێ، شەڕڤانان بەرگرییەکی سەخت دەکەن.
ئیلهام ئەحمەد: ئەمریکا بەرپرسیارە
لەگەڵ ئەم هێرشەدا، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پەیامێکی ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند، زیندانی ئەقتان رووبەڕووی تۆپبارانێکی یەکجار تووند بووەتەوە.
ئیلهام ئەحمەد گوتی: "هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بەرپرسیارن لە ئاسایش و سەلامەتیی ئەو گرووپەی پاسەوانیی زیندانەکە دەکەن."
ئیلهام ئەحمەد داوای لە ئەمریکا کرد بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر ئەو هێزانە جێبەجێ بکات کە "هاوشانیان وەستاون و شەڕی تیرۆریان کرد؛" هەروەها داوای کرد واشنتن وەک "گەرەنتیکار" چاودێریی پڕۆسەی ئاگربەست بکات.
گولێ هۆشەنگ، رۆژنامەڤان لە رەققەوە بە رووداوی گوت: "سەرەڕای ئاگربەست، هێرش بۆ سەر ئێمە بەردەوامە. هێزەکان بە 6 درۆن هێرشیان کردووە و 3 هەڤاڵمان لە هێرشەکەدا شەهید بوون."
ئەم هێرشە بۆ سەر زیندانی رەققە لە کاتێکدایە، کە چەند کاژێرێک پێش ئێستا وەزارەتی بەرگریی سووریا و فەرماندەیی گشتیی هەسەدە، لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە رێککەوتن کە کاژێر 20:00ـی ئەمشەو سێشەممە 20-01-2026 دەستیپێکرد.