کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا داوای پاراستنی مافی کورد لە سووریا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا داوا دەکات مافی کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان پارێزراو بێت.
 
ئەنوەر عەنوونی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە بۆ کاروباری دەرەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەوان داوای راگرتنی "دەستبەجێی" هەموو پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سەربە دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن.
 
عەنوونی گوتی، "یەکێتیی ئەورووپا پێشوازی لەو ئاگربەستە دەکات کە لە 18ی کانوونی دووەمدا لەنێوان دەسەڵاتدارانی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کرا،" گوتیشی: "ئێمە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دەستبەجێ هەموو چالاکییەکی سەربازی رابگرن، بە تەواوی رێکارەکانی هێورکردنەوەی دۆخەکە جێبەجێ بکەن و پارێزگاری لە هاووڵاتییانی سڤیل بکەن."
 
گوتەبێژەکە جەختی لەوە کردەوە، تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و سڤیلەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ ئەوانەی دیمەشق، هاوشان لەگەڵ بەشداریی سیاسی و خۆجێیی راستەقینەی پێکهاتەکان، بۆ سەرکەوتنی قۆناخی راگوزەری سووریا پێویستن. 
 
عەنوونی گوتی، ئەو هەنگاوانە "لەگەڵ پاراستنی مافەکانی کورد - کە جەخت لەسەر ئەم خاڵەی دوایی دەکەمەوە – پێویستن بۆ گواستنەوەیەکی راستەقینەی گشتگیر لە سووریا."
 
لە وەڵامی پرسیاری دیکەدا سەبارەت بە جیابوونەوەی هۆزە عەرەب و بەدەوییەکان لە هەسەدە و دروستبوونی نیگەرانی لەبارەی زیندانەکانی داعش، عەنوونی باسی لەوە کرد کە دیمەشق بەڵێنی داوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا شەڕ لە دژی داعش بکات. 
 
سەبارەت بە چارەنووسی کەمپەکانی زیندانیانی داعش کە هەزاران چەکدار و کەسوکاریان تێدایە، گوتەبێژەکە وردەکاریی تایبەتەکانی نەخستەڕوو، بەڵام جەختی لە گرنگیی پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە بە هێزەکانی سووریا کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و رێگریکردن لە هەر جۆرە سەرهەڵدانەوەیەکی داعش. 
 
عەنوونی ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتیی ئەورووپا هەمیشە داوای کردووە قۆناخی راگوزەر هەموو پێکهاتەکان لەخۆبگرێت و مافیان بپارێزێت و رێگری لە هێرشی سەربازی بکات، هاوکات ئاماژەی بە سەردانە باڵاکانی ئەم دواییەی ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا بۆ دیمەشق کرد، کە تێیدا سەرکردەکان جەختیان لە گفتوگۆی ئاشتییانە لەبری بەکارهێنانی هێز کردبووەوە.
 
سەبارەت بە سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا، عەنوونی روونیکردەوە کە سیاسەتی یەکێتییەکە مەرجدارە و بەستراوەتەوە بە پێشهاتەکانی نێو گۆڕەپانی سووریا. ئەو بیریهێنایەوە کە سزایە ئابوورییەکان لە شوباتی 2025 هەڵپەسێردران و لە ئایاری 2025 بە تەواوی هەڵگیران بۆ پشتگیریکردنی بووژانەوەی سووریا دوای رووخانی ئەسەد.
 
عەنوونی گوتی، "یەکێتیی ئەورووپا بۆ ماوەی دەیەیەکە لە هەموو قۆناخەکانی ئەم گواستنەوەیەدا لەگەڵ گەلی سووریا وەستاوە. سیاسەتی سزاکانمان هەمیشە پەیوەستە بە پێشهاتەکانی سەر زەوییەوە. ئێمە بەپێی کردەوەکانیان بڕیار لەسەر دەسەڵاتداران دەدەین، نەک تەنیا قسەکانیان."