هەسەدە: چەکدارانی دیمەشق ئاویان لەسەر زیندانێکی داعش لە رەققە بڕیوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، گرووپە چەکدارەکانی سەربە حکومەتی سووریا ئاویان لەسەر زیندانێکی داعش لە شاری رەققە بڕیوە؛ هۆشداری لە دەرهاویشتە مرۆیی و ئەمنییەکانی دەدات.
 
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، رۆژی سێشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2026، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گرووپە چەکدارەکان دوای گەمارۆدان و بۆردوومانکردنی راستەوخۆی باڵەخانە و دامەزراوەکانی زیندانی ئەقتان لە باکووری رەققە، ئێستا ئاویان لەسەر زیندانەکە بڕیوە، کە زیندانییانی داعشی تێدایە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم رێکارە بووەتە هۆی "قەیرانێکی سەختی دابینکردنی ئاو، لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرچاوی خۆراک و پێداویستیی پزیشکی."
 
هەسەدە ئەو کردەوانە بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێوەرە مرۆییەکان" ناودەبات و دەڵێت، "ژیانی زیندانییەکان دەخاتە مەترسییەوە."
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات بەرپرسیارێتیی تەواوی هەر دەرهاویشتەیەکی مرۆیی یان ئەمنی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی راگوزەری سووریا و داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات "بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی زیندانەکە."
 
رۆژی دووشەممە، هەسەدە رایگەیاندبوو کە بۆ ماوەی سێ رۆژ لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە پەیوەندیدا بوون بۆ ئەوەی زیندانییەکانی ئەقتان بگوازرێنەوە بۆ "شوێنی سەلامەت"، بەڵام هاوپەیمانییەکە "وێڕای بەڵێنە دووبارەکانی، تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە."
 
هەروەها باسی لەوە کردبوو کە لە ئەنجامی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بۆسەر زیندانەکە، 9 شەرڤان گیانیان لەدەستداوە و 20ی دیکە بریندار بوون.