زیندانی ئەقتانی رەققە گەمارۆدراوە؛ 2000 زیندانیکراوی داعشی تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە پارێزگای رەققە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیندانی ئەقتان لە پارێزگاکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە گەمارۆدراوە و هەسەدە بەرگرییەکی تووند دەکات. گوتیشی، "2000 چەکداری داعشی تێدایە."
ئەو سەرچاوەیە ئەمڕۆ سێشەممە 20-01-2026 بە رووداوی گوت، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا زیندانی ئەقتانیان لە رەققە گەمارۆداوە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "زیندانەکە 2000 زیندانیکراوی داعشی تێدایە، ئێستا رێگە لە ناردنی خواردن و خواردنەوە بۆ زیندانەکە گیراوە."
دوێنێ دووشەممە، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) باسی دۆخی زیندانەکانی کرد و گوتی زیندانی ئەقتان چەکداری زۆر مەترسیداری داعشی تێدایە، کاتێک چەتەکان ویستیان هێرش بکەنە سەر زیندانی پیشەسازی (سیناعە) و سەرکەوتوو نەبوون، زۆر لە فەرماندە مەترسیدارەکانی داعش گواسترانەوە بۆ زیندانی رەققە."
فەرهاد شامی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەکدارانی دیمەشق هەوڵی زۆر دەدەن گرتووخانەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، یان بە تۆپ و مووشەک بۆردوومانی دەکەن، تاوەکو پەیامێک بۆ زیندانییەکان بنێرن و یاخی ببن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون."
شامی ئاشکراشی کرد، شکستیان بە هەوڵێکی یاخیبوون لە زیندانەکە هێناوە.