وەزیری دەرەوەی سووریا لە پاریس لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیلی کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیلی کۆبووەوە، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیەی پەیوەست بە "بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و باشووری سوریادا."
بەپێی ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی سووریا، کۆبوونەوەکە رۆژی سێشەممە 19ی ئاب کراوە و دەڵێت، "لەبارەی کەمکردنەوەی گرژییەکان، دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی سووریا و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن بووە، کە پشتیوانی لە سەقامگیریی ناوچەکە بکات، هەروەها چاودێریکردنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا و کاراکردنەوەی رێککەوتنی ساڵی 1974."
رێککەوتنی ساڵی 1974 چییە؟
رێککەوتنی راگرتنی پێکدادان، کە لە ساڵی 1974 لەنێوان سووریا و ئیسرائیل واژۆ کرا، ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بە شەڕی نێوانیان دوای جەنگی 1973.
بەپێی رێککەوتنەکە، "ناوچەیەکی دابڕێنەر" (Buffer Zone) لە سنووری نێوانیان (لە بەرزاییەکانی گۆلان) دروستکرا.
ئەم ناوچەیە خرایە ژێر چاودێریی هێزێکی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆئەوەی دڵنیایی بدات کە هیچ لایەنێک هێرش ناکاتە سەر ئەوی دیکە.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل لەو خاکە کشایەوە کە لە جەنگی 1973دا کۆنترۆڵی کردبوو و دیلەکانی جەنگیان گۆڕییەوە.
ئەوەش رێککەوتنێکی ئاشتی نەبوو، بەڵکو تەنیا هەنگاوێک بوو بۆ راگرتنی شەڕ. دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 2024، ئیسرائیل رایگەیاند کە رێککەوتنەکە چیدیکە کاری پێناکرێت و هێزەکانی خۆی بەرەو ناوچە دابڕێنەرەکە جووڵاند.
لەبارەی گفتوگۆی وەزیری دەرەوەی سووریا و شاندە ئیسرائیلییەکە لە پاریس، ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی سووریا دەڵێت، "بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەڕێوەدەچن، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی کە ئامانجیان بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە سووریا و پاراستنی سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکەکەیەتی."
رۆژی 04-07-2025 وەزیری دەرەوەی سووریا، لە راگەیێندراوێکدا دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، هاوتا ئەمریکییەکەی؛ خواستی سووریای بۆ "هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی 1974" دەربڕی.
بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نێوان سووریا و ئیسرائیل، واشنتن هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕ کردووەتەوە. ئەوکات تۆماس باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا رایگەیاند، ئێستا بەرقەرارکردنی ئاشتی لەنێوان هەردوولادا پێویستە.
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی پاردا، ئیسرائیل هێزەکانی خۆی زیاتر بردە نێو سووریا. هەروەها لە تەمووزی رابردوو، لەکاتی هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی سوەیدا، ئیسرائیل بە بیانووی پارێزگاریکردن لە دروزەکانی سووریا، دەستوەردانی کرد و چەند پێگەیەکی لەو وڵاتە بۆردوومان کرد.
لەڕووی تەکنیکییەوە، سووریا و ئیسرائیل لە ساڵی 1948ـەوە لە جەنگ و پێکداداندان.
ئیسرائیل لە ساڵی 1967، نزیکەی دوو لەسەر سێی بەرزاییەکانی گۆلانی لە سووریا کۆنتڕۆڵ کرد، پێش ئەوەی لە ساڵی 1981 بە فەرمی بیلکێنێت بە خاکەکەیەوە، کە هەنگاوێکە لەلایەن زۆرێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانەنراوە.
ساڵێک دوای جەنگی 1973، هەردوو وڵات لەسەر دیاریکردنی هێڵێکی سنووری نێوانیان بۆ جیاکردنەوەی هێزەکانیان، رێککەوتن.