ئەمریکا لە وەڵامی کوژرانی دوو سەرباز و وەگێڕێک لە سووریا بە 100 مووشەک لە داعشی دا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای ئوردن، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و مووشەکیی بۆ سەر نزیکەی 70 پێگەی داعش لە سووریا ئەنجامدا. دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "دوای پێنج ساڵ، ئەوان هەوڵیان دەدا خۆیان رێکبخەنەوە، بەڵام زۆر بە تووندی لێماندان."
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە هێرشەکەدا نزیکەی 70 ئامانجیان پێكاوە کە زۆربەیان ژێرخان و کۆگای چەکی داعش بوون. ئەم هێرشە فراوانە وەک وەڵامێکە بۆ کوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمریکی کە هەفتەی رابردوو لە بۆسەیەکی چەکدارانی داعش لە شاری تەدمووری پارێزگای حومس کوژران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند: "دڵخۆشم بەوەی رایدەگەیێنم کە تەنیا دوو کاژێر لەمەوبەر، لە چەتەکانی داعشمان لە سووریا دا کە هەوڵیان دەدا خۆیان رێکبخەنەوە، دوای ئەوەی پێنج ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە تێکشکێندران."
بەگوێرەی سێنتکۆم، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا زیاتر لە 100 مووشەکی وردپێکێن بەکارهاتوون و هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا فڕۆکەی جەنگیی (ئێف 15 ئیگڵ)، فڕۆکەی هێرشبەری (ئەی 10 سەندەربۆڵت)، هێلیکۆپتەری (ئەی ئێچ 64 ئەپاچی) و سیستمی مووشەکهاوێژی (هیمارس)ـیان بەکارهێناوە.
ترەمپ هێرشەکەی بە "زۆر سەرکەوتوو و بێ هەڵە" ناوبرد و گوتی: "لە هەموو لایەکەوە لێماندان و لە رێگەی هێزەوە ئاشتی بۆ هەموو جیهان دەگەڕێنینەوە. لە 10 مانگدا 8 جەنگم یەکلاییکردەوە، هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێرانم لەنێوبرد و کۆتاییم بە جەنگی غەززە هێنا. ئاشتیم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدیهێنا."
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێشوازییان لە هێرشەکە کرد و رایانگەیاند: "ئەم پاڵپشتییە ئاسمانییە بەردەوامە ئامرازێکی یەکلاییکەرەوەیە بۆ ئەوەی رێگری لە رێکخستنەوەی شانەکانی ئەو رێکخراوە بکرێت. ئەزموون دەریخستووە شەڕی دژی تیرۆر نابێت بوەستێت یان خاو ببێتەوە."
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکەی هەفتەی رابردوو (کە سەربازانی ئەمریکای تێدا کوژران) جەخت لە "پێویستیی بەپەلەی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی دەکاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە."