دیمەشق دەڵێت تۆڕێکی دەستگیر کردووە گوایە چەکی بۆ هەسەدە، سوەیدا و داعش بردووە


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی گشتی لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە نزیک دیمەشق پێنج کەسیان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک درۆن و زیاتر لە 1.5 تۆن مادەی تەقەمەنیدا گرتووە.
 
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەو تۆڕە ویستوویەتی چەک و تەقەمنییەکان بۆ "گرووپە لەیاسا دەرچووەکان" لە سوەیدا، هێزەکانی سووریا دیموکرات (هەسەدە) و شانەکانی داعش ببەن، ئەمە وەک وەزارەتەکە باسیان دەکات.
 
ئەحمەد دەلاتی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای گوندەواری دیمەشق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دوای بەدەستهێنانی "زانیاریی ورد و پشتڕاستکراوە" لەبارەی جموجوڵی گوماناوی لە کێڵگەیەک لە قودسەیا لە باکووری رۆژئاوای دیمەشق، هێزەکانیان هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنەکە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکەکانی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای دەرعا کراوە. گوایە هێزەکان شوێنەکەیان گەمارۆ داوە و پێنج گومانلێکراویان دەستگیرکردووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، ئەو چەک و تەقەمەنییەی دەستی بەسەردا گیراوە، بریتین لە چەند درۆنێک لە جۆری FPV و کەرەستەکانیان، یەک تۆن و نیو ماددەی تەقەمەنیی TNT  و بۆمبی ئامادەکراو بۆ درۆنی بۆمبڕێژکراو، کە کێشی هەر یەکێکیان 2 کیلۆگرام بووە.
 
راگەیاندنی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدایە، حکومەتی راگوزەری سووریا لە قۆناخی دوای ئەسەد هەوڵەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتیی چەک و پاشماوەکانی داعش چڕکردووەتەوە، کە لەم دواییانەدا جموجۆڵیان لە هەندێک ناوچەی وڵاتەکە زیاد کردووە.
 
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە مانگی کانوونی یەکەمدا چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوشێوەیان کردووە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی شانەکانی داعش لە دیمەشق و ئیدلب و پووچەڵکردنەوەی ناردنی چەک بۆ لوبنان.