تاوەکو ئێستا گەمارۆی سەر زیندانی ئەقتان نەشکێنراوە؛ خەریکە خواردن و خواردنەوە نەمێنێت
رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئیستا گەمارۆی سەر زیندانی ئەقتان نەشکێنراوە و رێگەی گەیاندنی خۆراک و پێداویستیی دیکە بە زیندانەکە بە داخراوی ماوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، گولێ هۆشەنگ، کە رۆژنامەڤانە و ئێستا لەو سنوورەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیندانی ئەقتان لە سنووری رەققە، خواردن و خواردنەوەی لێبڕاوە، تەنیا چەند خواردنێکی وشکە هەیە بەبێ نان، کە رەنگە بەشی یەک-دوو رۆژی دیکە نەکات.
زیندانییەکەی رەققە نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعشی تێدایە هێشتا لەلایەن ئاسایشی نێوخۆ، هەسەدە، یەپەگە دەپارێزرێت.
گولێ هۆشەنگ گوتی: زیندانییان و شەڕڤانان یەک خۆراکیان هەیە، بۆیە بە دڵنیایی ئێستا خۆراکێکی زۆر کەم ماوە.
سێشەممە، دژوار کۆبانێ، رۆژنامەڤان لەنێو زیندانییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای هێرشکردنە سەر رەققە و دەوروبەری ژمارەیەک چەکداری داعشی هەوڵی هەڵاتنیان داوە، تەنانەت دەرگەیەکی زیندانەکەیان شکاند، بەڵام کۆنتڕۆڵکراو رێگە نەدراوە هەڵبێن.''
ئەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانی ئەقتاندان، "مەترسیدارترینی" نێو داعشن، لە باغۆز دەستگیرکراون کە دوایین ناوچەی ژێردەستی داعش بوو و هەسەدە ناوچەکەی لەژێردەستی رێکخراوەکە دەرهێنا.
لەبارەی ناسنامەی ئەو داعشانەی لە زیندانی ئەقتان دەستگیرکراون، دژوار کۆبانێ دەڵێت: "سعودی، ئۆزبەکستانی، میسرین، ژمارەیەکی زۆر چەکداری بیانی لەنێو زیندانییەکەدا هەن."
زیندانی ئەقتان لەلایەن هاوپەیمانانەوە دروستکراوە و پاراستنی ئاسایشەکەی دراوەتە دەست هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەدوای شەڕ و هێرشەکانی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق، چەکداران و دەستگیرکراوان هەوڵی هەڵاتن دەدەن.
دژوار کۆبانێ بە رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ چەکدارانی داعش هەموومان لەنێو زیندانیەکەداین، ئاسایشەکەی لەلایەن ئاسایشی نێوخۆ، هەسەدە، شەڕڤانی یەپەگە دەپارێزرێت."
ئەو هاونیشتمانییە هۆشداری دا ئەگەر دۆخەکە وا بەردەوامبێ، "مەترسی هەڵاتنی ئەو ئەمیر و بەرپرسانەی داعش هەیە کە تاوەکو دوایین سات لە باغۆز دژی هاوپەیمانان و هەسەدە شەڕیان کردووە."
شارۆچکەی باغۆز رۆژی 23ـی ئاداری 2019 لەلایەن هەسەدەوە لەدەستی داعش دەرهێنرا، زیاتر لە سێ هەزار چەکداری داعش لەگەڵ 300 چەکداری راهێنراو خۆیان رادەستی هەسەدە کرد، دیمەنەکانی ئەوکات و بەرزکردنەوەی ئاڵای هەسەدە لە باغۆز لەجیهان دەنگی دایەوە،چونکە دوایین پێگەی داعش بوو لە دێرەزوور، هەمان رۆژ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی سووریا کرد.