سێ ئەندامی کۆنگرێس بۆ رووداو: دەبێت مافی کورد و کەمینەکان لە سووریای نوێدا پارێزراو بێت
رووداو دیجیتاڵ
سێ ئەندامی دیاری کۆنگرێسی ئەمریکا (تۆنی گۆنزالێس، ئاندی هاریس و ئانا پاولینا لونا) لەبارەی هێرشەکانی سوپای سووریا بۆ سەر کورد و چارەنووسی کەمینەکان لە سایەی حکومەتی نوێی دیمەشقدا جەختیان لەسەر پێویستیی پاراستنی کورد و کەمینەکان کردەوە.
ئەو سێ کۆنگرێسمانە قسەیان بۆ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن کردووە.
تۆنی گۆنزالێس: تیرۆر لە کوردستان جێگەی نابێتەوە
تۆنی گۆنزالێس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشەکانی دیمەشق بۆ سەر ئەو هێزە کوردییانەی ئەمریکا پشتگیرییان دەکات رایگەیاند، ناوچەکە پڕە لە ئاڵنگاری، بەڵام "هەرچی زووتر ئاشتی بەدی بێت باشترە."
گۆنزالێس جەختی کردەوە، دەبێت هەمووان ئازاد بن لە هەڵبژاردنی حکومەتی دڵخوازی خۆیان. سەبارەت بە بەردەوامیی پشتیوانی بۆ کورد، گۆنزالێس گوتی: "هیچ شوێنێک بۆ تیرۆر لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە، لەوانەش لە کوردستان."
ئاندی هاریس: دەبێت دیمەشق بیسەلمێنێت کە کەمینەکان دەپارێزێت
ئاندی هاریس، ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێس، ئاماژەی بەوە کرد پێویستە دەرفەت بە حکومەتی نوێی سووریا بدرێت تاوەکو کاری خۆی بسەلمێنێت. هاریس گوتی: "دەبێت دەرفەت بدرێتە حکومەتە نوێیەکە تاوەکو بیسەلمێنێت کە باوەڕی بە پاراستنی کەمینەکان هەیە؛ چ کورد بن یان کەمینەی ئایینی، دەبێت بیانپارێزێت." هاریس هۆشداریشی دا، ئەگەر دیمەشق کەمینەکان نەپارێزێت، دەبێت واشنتن جارێکی دیکە بیر لە جۆری مامەڵەکردنی لەگەڵ حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع بکاتەوە.
ئانا پاولینا لونا: پشتگیری لە هاوبەشە کوردەکانمان دەکەین
ئانا پاولینا لونا، ئەندامی کۆنگرێس رایگەیاند، ئەوان پشتگیری لە هاوبەشە کوردەکانیان دەکەن و دەیانەوێت دانیان پێدا بنرێت. لونا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا ئێستا جێگیرکردنی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، بەڵام وەک خۆی گوتی "دەمانەوێت دڵنیابین کە هاوڕێ کوردەکانمان و درووزەکانیش پارێزراون."
لونا باسی لەوەش کرد، دەزانن هەندێک گروپ لە ناو حکومەتی ئێستای سووریادا هەن کە مەرج نییە دۆستی ئەمریکا بن، بەڵام واشنتن هەوڵدەدات ناوچەکە ئارام بکاتەوە.